چەندین کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای کوردستان لەمەترسیدان

رێککەوتنێکی 14 خاڵی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری راگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاو کرایەوە، زۆربەی خاڵەکانی سیاسی و ئەمنی  بوون بەڵام خاڵێکیان پێوەست بوو بە ئابوورییەوە.
بەگوێرەی خاڵی چوارەمی ئەو رێککەوتنە، رادەستكردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی گاز لە ناوچەکە بە حكوومەتی سووریا دەدرێن و پاراستنیان لەلایەن هێزەكانی حكوومەتەوە دابین دەکرێت  و ئەو سەرچاوانە بۆ دەوڵەتی سووریا دەگەڕێنرێنەوە.
وەک ئاشکرایە هەسەدە کۆنترۆڵی زۆرینەی سامانی نەوتی و بەشێک لە بەرهەمی گازی سووریای کردووە و  لە  ساڵانی رابردوودا ئەو سەرچاوانە یەکێک بوون لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
قەبارەی یەدەگی نەوتی سووریا دەگاتە دوو ملیار بەرمیل کە  تاوەکو ساڵی 2010 قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە گەیشتبووە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەڵام شەڕ و ئاڵۆزی هەموویانی پەکخست و لەسەر دەستی هێزە کوردییەکان بووژێنرایەوە و بۆ زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز کراوەتەوە.
زۆرینەی ئەو سەرچاوانە کەوتوونەتە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەرپەرشتی کراون بەڵام رێککەوتنی نوێ هەموویانی خستووەتە مەترسییەوە.