کۆمپانیای شێڵ لە گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریا دەکشێتەوە
کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانی داوایەکی فەرمی پێشکەشی حکوومەتی سووریا کردووە بۆ کشانەوەی لە کێڵگەی نەوتی عومەر کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریایە و دەیەوێت پشکەکانی رادەستی کۆمپانیا حکومییەکانی ئەو وڵاتە بکات.
یوسف قەبلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، کۆمپانیای شێڵ داوای کشانەوەی لە کێڵگەی نەوتی عومەر کردووە کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریایە. هاوکات ئاشکرای کرد؛ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئارەزووی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی ئەو وڵاتە نیشانداوە.
کێڵگەی نەوتی عومەر، بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ لەژێر دەستی هێزە کوردییەکان بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کێڵگەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریا.
یوسف قەبلاوی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی عومەر گوتی: " لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک تاوەکو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کێڵگەکە بە تەواوی لەلایەن کۆمپانیا حکومییەکانەوە بەڕێوەببرێت".
بەپێی گوتەکانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی سووریا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆنۆکۆ فیلیپسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز و گەڕان بەدوای کێڵگەی نوێدا واژۆکردووە.
لەبارەی کارکردنی کۆمپانیای شیڤرۆن گوتی: " نوێنەرانی ئەم کۆمپانیایە مانگی رابردوو لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبوونەتەوە و بڕیارە وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان بکەن".
یوسف قەبلاوی، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی کێڵگەی عومەر گرت و گوتی: "پێشتر کێڵگەکە 50 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی رێگەی سەرەتایی لەلایەن کوردەکانەوە، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ پێنج هەزار بەرمیل دابەزیوە.
قەبارەی یەدەگی نەوتی سووریا دەگاتە دوو ملیار بەرمیل، تاوەکو ساڵی 2010 قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە گەیشتبووە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزی هەموویانی پەکخست و لەسەر دەستی هێزە کوردییەکان بووژێنرایەوە و بۆ زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز کراوەتەوە.