سەرۆکایەتیی سووریا: لەگەڵ هەسەدە گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش
سەرۆکایەتیی سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمی ڕایگەیاند کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە چارەنووسی پارێزگای حەسەکە و شێوازی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان و ئیدارەی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی سووریا، گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەن، حکومەتی سووریا بەڵێنیداوە لە ئەگەری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا، هێزەکانی سووپای سوریا نەچنە نێو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و تەنیا لە دەوروبەری شارەکان جێگیر بن. هەروەها جەختکراوەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە نێو گوندە کوردییەکان و هیچ هێزێکی چەکدار لەو گوندانە نابێت جگە لە هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان ئاسایشی ناوچەکە کە لە ڕۆڵەکانی خودی ناوچەکە پێکهاتوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، کاندیدێک لەلایەن خۆیانەوە پێشکەش دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، هەروەها کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە. جگە لەوەش، لیستێک بە ناوی کاندیدان بۆ ئەندامێتی لە پەرلەمانی سووریا و دامەزراندنی ژمارەیەک فەرمانبەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەت پێشکەش دەکات.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، مۆڵەتی 4 ڕۆژ دراوەتە هەسەدە بۆ دانانی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەکە. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە تێکەڵ بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بکرێن، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکانیش دەخرێنە سەر پەیکەری حکوومەتی سوریا.
دیمەشق پابەندبوونی خۆی ڕاگەیاندووە بە جێبەجێکردنی مەرسومی ژمارە 13 کە تایبەتە بە مافە لیسی و ڕۆشنبیرییەکان و مافی هاوڵاتیبوونی کورد لە سووریا، وەک هەنگاوێک بۆ شەراکەتی نیشتمانی.
سەرۆکایەتی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاتژمێر 8:00ی شەوی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.