هەسەدە پابەندبوونی تەواوی بە ئاگربەست لەگەڵ دیمەشق ڕاگەیاند
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی پابەندبوونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە دووپات کردەوە کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە دۆخی مەیدانی و ئاگربەست بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "پابەندبوونی تەواوی هێزەکانمان بەو ئاگربەستە ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە."
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە داهاتوودا هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە نیشان داوە و ڕایگەیاندووە: "دووپاتی دەکەینەوە کە کراوەین بەڕووی ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەکان لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە."
هەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، "ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ـی کانوونی دووەم، بەو شێوەیەی کە خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیری دەکات."