فراکسیۆنی پارتی هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا دەربڕی و ڕایگەیاند: پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی کورد و بەردەوامی شەڕ، دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.
فراکسیۆنەکە هۆشداری دەدات لەوەی، ئەم دۆخە مەترسی گەورەی ئاوارەیی و پاکتاوی ڕەگەزیی لێ دەکەوێتەوە.
لە بانگەوازێکی فەرمیدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا لەسەر خاک و زێدی خۆی هەمیشە لەپێناو برایەتی، یەکسانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تێکۆشاوە.
هەروەها جەختیان کردووەتەوە، کورد لە ساڵانی ڕابردوودا قوربانی زۆری لە شەڕی دژی تیرۆردا داوە و هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لە ئێستادا، ڕێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی دووبارەی داعش و گروپە توندڕەوەکان خۆش دەکات، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی.
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و لەژێر ڕۆشنایی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد، فراکسیۆنی پارتی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هاوپەیمانەکان دەکات بە شێوەیەکی کارا بێنە سەر هێل.
داواکارن هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و ڕێگری بکرێت لە قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانەکان، تاوەکو جارێکی دیکە ناوچەکە نەبێتەوە بە مەیدانی کارەسات و نەهامەتی.
بۆ چارەسەری بنەڕەتی، فراکسیۆنەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی، پێویستە کۆتایی بە هەموو هێرشەکان بهێنرێت و کێشەکان تەنها لەڕێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە چارەسەر بکرێن، ئەوان داوای بنیادنانی سووریایەکی ئازاد و دیموکرات دەکەن کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کورد بە تەواوی گەرەنتی بکرێت، بۆ ئەوەی ئارامی بەردەوام بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.