محەممەد شوکری: مەسرور بارزانی پرسی ڕۆژئاڤای لەگەڵ سەرکردەکان تاوتوێ کردووە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە ئاشکرای دەکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان تاوتوێی مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاڤای کوردستانی کردووە و جەختی لە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد کردووەتەوە.
سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: بەشداریی کردنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، نیشانی گرنگی دانە بە هەرێمی کوردستان؛ بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتان بەهێز بکات.
ئاماژەشی دا، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمپانیاکانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشین و ڕێککەوتنی گرنگی لە بواری تەکنۆلۆژی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە بکەین؛ کە لە ماڵی کوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕێککەوتننانە دەکرێت و لەگەڵ توێژەران و کۆمپانیاکان کۆدەبینەوە.
محەممەد شوکری دەشڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان هەمیشە جەختی لە پاراستنی مافەکانی گەلی کوردی کردووەتەوە، بەتایبەت ئەمجارە بەهۆی دۆخی ڕۆژئاڤاوە لەگەڵ هەموو سەرکردەکان باسی لەو بابەتە کردووەتەوە.
گوتیشی: گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە بارەی دۆخی ڕۆژئاڤا، لە داهاتوودا ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت، چونکە ئەو سەکردانە ڕێزێکی تایبەت لە مەسرور بارزانی و پەیامەکانی سەرۆک بارزانی دەگرن.