ترەمپ: کورد هاوپەیمانی ئێمەن و هەوڵدەدەین بیانپارێزین

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نوێترین هەڵوێستیدا، وێڕای وەسفکردنی کورد بە هاوپەیمانێکی باش، جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنیان دەکاتەوە.

سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا گوتی: کوردم خۆشدەوێت و هەوڵ دەدەین بییانپارێزین و هاوپەیمانێکی باشی ئێمەن.

ڕاشیگەیاند، کوردەکان نەوتێکی زۆریان هەیە، سوودی بۆ ئێمە هەیە بەڵام زیاتر بۆ خۆیانە

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سێشەممە، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بوونی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) بوو بۆ شەڕی داعش، چونکە لەو کاتەدا حکوومەتێکی ناوەندیی کارا نەبوو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و سووریا حکوومەتێکی ناوەندیی ناسراوی هەیە، کە لە کۆتایی ساڵی 2025 وەک ئەندامی 90ەمین چوونەتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش، ئەمەش وای کردووە بیانووەکانی هاوبەشیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆتایی پێ بێت، چونکە ئێستا دیمەشق ئامادەیە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵی گرتووخانەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ.

بەڕاک ئاشکرای کردووە، ئەمریکا کار ئاسانی بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا چەند هەنگاوێکی گرنگ نراون:

لە 18ی کانوونی دووەمدا، ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە لە نێوان حکومەتی سووریا و سەرکردایەتی (HSD) واژۆ کراوە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەکی ئاشتییانە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک (تاک)دەچنە ناو سوپای نیشتمانییەوە و ژێرخانە گرنگەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان ڕادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.

ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازیی درێژخایەندا نییە و کاری لەپێشینەی تەنیا تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعشە، بەبێ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی جوداخوازی یان فیدراڵی.