ترەمپ: لەگەڵ ناتۆ دەگەینە چارەسەر بۆ کڕینی گرینلاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە پرسی کڕینی دوورگەی گرینلاندی وروژاندەوە و ڕایگەیاند، واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاودان بۆ ئەم پرسە کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت.

ترەمپ، پێش بەڕێێکەوتنی بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "پێموایە چارەسەرێک دەخەینەڕوو کە ناتۆ و ئێمەش زۆر دڵخۆش بکات." جەختیشی کردەوە ئەمریکا لەبەر هۆکاری ئەمنیی و ستراتیژی پێویستییەکی زۆری بە دوورگەی گرینلاند هەیە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەراوێزی گردبوونەوەکانی داڤۆسدا چەندین کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان ئەنجام دەدات بۆ تاوتێکردنی ئەم پرسە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسایەتییانە ئاشکرا بکات کە بەشداری دانوستانەکان دەبن.

لە بەشێکی دیکەی هەڕەشەکانیدا، ترەمپ ڕایگەیاند؛ ئەگەر بێت و هاوپەیمانانی ئەوروپا بەردەوام بن لە دژایەتیکردنی فرۆشتنی دوورگەکە، ئەوا واشنتن لە یەکەمی شوباتەوە باجی سزایی بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکەن. ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی ئەوروپا هاوسۆزی خۆیان بۆ دانیمارک دەربڕی و فرۆشتنی دوورگەکەیان ڕەتکردەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی دانیشتوانی گرینلاند، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا و گوتی: "دڵنیام کاتێک ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بکەم، ئەوان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە دەبن بۆ پەیوەندیکردن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە."

شایەنی باسە، دوورگەی گرینلاند لە ئێستادا ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەرە و لەژێر سەروەری وڵاتی دانیمارکدایە، حکوومەتی کۆپنهاگنیش پێشتر چەندین جار بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە."