فوئاد حوسێن: پێویستە زیندانەکانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکرێن و ڕێگە نەدرێت داعشەکان رابکەن
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی زیندانەکانی داعش لە سووریا، جەختی لەوەشکردەوە، شکاندنی زیندانەکان و هەڵاتنی زیندانییەکان، مەترسی جددی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن.
چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، کۆبووەوە، لە میانەی کۆبونەوەکەدا جەتیان لە پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمریکا لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی ئەمنی کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق داهاتووە، هەردوولا جەختیان لە سەر پێکهێنانی حکوومەتێکی کارا کە بتوانێت خواستەکانی هاووڵاتییان بەدی بهێنێت کردەوە، هەروەها بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی و پاڵپشتی پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانیش تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە، بە تایبەتی دۆخی سووریا، بۆیە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر پاراستن و ڕێگریکردن لە هەڵاتنی زیندانییەکانی داعش لەو زیندانانە کردووەتەوە کە ساڵانێکە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە )ەوە پارێزگارییان لێدەکرێت.
فوئاد حوسێن بە هەڵسورێنەری باڵێۆزخانەی ئەمریکای رایگەیاندووە، شکاندنی زیندانەکان لە لایەن چەکدارەکانی سەر بە سووریا، هاوکات هەڵاتنی بەشێک لە داعشە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیەکی خراپە و مەترسی جددی لە سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.