سەرۆکی سربیا: جیهان لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات
سەرۆکی سربیا هۆشداریی دا لە تێکچوونی دۆخی جیهان و ساڵی ڕابردووی بە "خراپترین ساڵ لە دوای جەنگی جیهانی دووەم" وەسف کرد و پێشبینیشی کرد، لە قۆناغی داهاتوودا جیهان لە خراپەوە بۆ خراپتر بڕوات.
چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەلیکساندەر ڤوسیچ سەرۆکی سربیا، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس، لە وتارێکدا رایگەیاند، هەموومان وشەکانی ئاشتی، سەقامگیری و ئارامی دووبارە دەکەینەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە جیهان هەرگیز نائارامی و ناسەقامگیری وەکو ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی ڕابردوو خراپترین ساڵ بوو لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، شایەتحاڵی زنجیرەیەک شەڕ بووین کە لەلایەن وڵاتانی جیاوازەوە یان لە سنوورەکانیانەوە ئەنجامدرا، ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو خراپتر دەبێت، ساڵی داهاتووش لەوە خراپتر دەبێت.
سەرۆکی سربیا گوتیشی، "هەمووان باس لە ئاشتی دەکەن، هاوکات تۆمەتی ناڕاست و بێڕێزی یان پێشێلکاری لە بەرانبەر یەکتر ئەنجام دەدەن، لە کۆتاییشادا هەموو وڵاتان تەنها بە دوای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، بۆیە بەرژەوەندی راستەقینە لە هاوکاریی فرەلایەنە و هاوبەش لە جیهاندا کەم بووەتەوە، ئەمەش جیهان بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار و ئایندەیەکی ناڕوون دەبات".