بەفر رێگەی 551 گوندی باکووری کوردستانی داخستووە
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی کڕێوە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان، هاتوچۆ لە سەدان گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون پەکیکەوتووە و تیمەکانی بەفر راماڵین بەردەوامن لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندا.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان، دێرسم و ئاگری، رێگەی هاتوچۆی 551 گوند و گەڕەک بە تەواوی داخراون. پارێزگای ئەرزەڕۆم بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلەکە و بەهۆیەوە رێگەی 335 ناوچەی نیشتەجێبوون گیراوە، هەروەها لە ئاگری 110 گوند، لە قەرس 63 گوند، لە ئەردەخان 35 گوند و لە دێرسم رێگەی هەشت گوند داخراون.
دۆخی قەزای ئۆڵتوو و ناوچە بەرزەکان
لە قەزای ئۆڵتووی سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم، بارینی بەفر کاریگەرییەکی توندی دروستکردووە و تەنیا لەو شارۆچکەیەدا و رێگەی 65 گەڕەک و گوند داخراون. ئاماژە بەوە دراوە کە لە ناوچە بەرزەکانی شارۆچکەکە و بەتایبەتی لە ناوچەی "کۆرئۆغڵو"، بارینی بەفر گەیشتووەتە 25 سانتیمەتر.
هەوڵەکانی تیمەکانی بەفرڕاماڵین
تیمەکانی شارەوانی گەورەشار و بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتەکانی پارێزگاکان، بە ئامێری قورسەوە لە شەوەوە دەستبەکار بوون. تیمەکانی بەفر راماڵینی ئۆڵتوو رایانگەیاندووە کە بەبێ وەستان کار دەکەن و ئامانجیانە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، هەموو رێگە داخراوەکان لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییاندا بکەنەوە.
هاوکات شارەزایانی کەشناسی هۆشداری دەدەن لە بەردەوامیی سەرما و ئەگەری دروستبوونی شەختە لە ناوچە شاخاوییەکاندا.