سوودانی بۆ چاودێریکردنی دۆخی سنووری عێراق و سووریا گەیشتە قائیم

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە سەردانێکی مەیدانی گەیشتە ناوچەی قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا، ئامانجی سەردانەکە لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە ئاستی ئامادەباشیی ئەو یەکە سەربازییانەی کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانیان لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا لە ئەستۆدایە.

نووسینگەی سوودانی بڵاویکردەوە، لە میانی سەردانەکەیدا، سوودانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی کرد لە بارەگای فەرماندەیی فیرقەی حەوت، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فەرماندەی هێزە وشکانی و ئاسمانییەکان، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی و ژمارەیەک لە فەرماندە مەیدانییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی گشتی گوێبیستی ڕاپۆرت و وردەکارییەکان بوو کە لەلایەن فەرماندە باڵاکانەوە خرانەڕوو، تێیدا تیشک خرایە سەر ڕێکارەکانی پاراستنی سنووری عێراق و سووریا، ئەو ئاڵنگارییانەی بوونیان هەیە، لەگەڵ ئاستی بەرزی ئامادەباشی و توانای سەربازیی هێزەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسی و هەڕەشەیەکی ئەمنی.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد شیاع سوودانی، جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە لەلایەن سەرجەم یەکە سەربازی و ئەمنییەکانەوە، هەروەها متمانەی تەواوی خۆی بە توانای هێزە چەکدارەکان دووپاتکردەوە، کە دەستکەوتی گەورە و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و بوونەتە هۆی جێگیرکردنی سەقامگیری لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا.