کەشناسی: لە سەنتەری شارەکان بەفر دەبارێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە شەوی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت سەنتەری پارێزگاکانیش بگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری روو لە ناوچەکە دەکات، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە دەستپێکی ئەم شەپۆلە لە زۆربەی ناوچەکان بە بەفربارین دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی هەینی، 23-1-2026، زۆرینەی کاتەکان لە هەندێک ناوچە بەفر دەبێت و لە هەندێک ناوچەش نمەباران، کەشناسی پێشبینی دەکات، بەفربارین سەنتەری پارێزگاکانیش بە ڕێژەی جیاواز بگرێتەوە.
سەبارەت بە ناوچەکانی گەرمیان و دەشتی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردووەتەوە، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە سنووری باشووری پارێزگای هەولێر، بارانبارینی پچڕپچڕی مامناوەند دەبێت و هەندێک کاتیش بارانەکە تێکەڵ بە بەفر دەبێت.
پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی درەنگانی شەوی هەینی و بەرەبەیانیی رۆژی شەممە بەردەوام بێت و لە ڕۆژی شەممەوە کۆتایی پێ بێت.