بەرهەم ساڵح: هەوڵی جددی بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە
کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە داڤۆس ڕایگەیاند، هەوڵی زۆر جددی لە ئارادایە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خوازیاری هێوورکردنەوەی دۆخەکەیە.
چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 لە "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس گوتی: لە هەموو لایەکەوە هەوڵێکی زۆر جددی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان بگیرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هەڵوێستی گشتیی نێودەوڵەتی ئێستا ڕوو لە ئارامکردنەوەی دۆخەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، بەرهەم ساڵح ئاشکرای کرد کە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان و ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردنی پەنابەران و لێقەوماوان تاوتوێ کراوە.
بەرهەم ساڵح هیواخواز بوو کە کێشەکان بە زوویی چارەسەر بکرێن و ڕێگری لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان بگیرێت، جەختیشی کردەوە کە شەڕ و پێکدادان چارەسەر نییە و تەنیا زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.