ئەمریکا بۆ حکوومەتی سووریا: نابێت لە گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش دەستتێوەردان بکەن

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان فەرماندەی هێزەکانیان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بڵاوکردەوە و تێیدا ئەمەریکا داوای ڕاگرتنی شەڕ دژی هەسەدە دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەم، براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجامداوە.

لە پەیوەندییەکەدا فەرماندەی سێنتکۆم بە ڕوونی بە سەرۆکی سووریای ڕاگەیاندووە کە گرنگە هێزەکانی حکوومەتی سووریا پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوە.

سێنتکۆم پلانێکی خستووەتە بەردەم سەرۆکی سووریا بۆ گواستنەوەی نزیکەی 7 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق. پرۆسەکە بە هەماهەنگی دەبێت و بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئەمنی بەڕێوەدەچێت.

کوپەر هۆشداری داوەتە هێزەکانی سووریا و سەرجەم هێزەکانی دیکە کە نابێت هیچ جۆرە دەستوەردانێک بکەن یان کارێک ئەنجام بدەن کە ببێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو زیندانیانە.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونی بەردەوام کردووەتەوە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش، بەو پێیەی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش هۆکارێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا، ناوچەکە و جیهان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، ئەمڕۆ سێنتکۆم دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش ئەمڕۆ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە.