لە پاکستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێک 50 کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵی بازرگانی "گوڵ پلازا" لە شاری کەراچی لە باشووری پاکستان، کارەساتێکی مرۆیی گەورە کەوتەوە و تا ئێستا گیانلەدەستدانی 50 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
بەگوێرەی دواین ڕاپۆرتەکانی تیمەکانی فریاگوزاری، دوای پرۆسەی گەڕان بەناو پاشماوە و داروپەردووی مۆڵەکەدا، تەرمی 25 کەسی دیکە دۆزراونەتەوە، بەوەش ژمارەی قوربانیان بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر بکات، بەو پێیەی هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بێسەروشوێنن و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانیش بەردەوامن.
ئاگرەکە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، زیانی گەورەی بە ژێرخانی مۆڵەکە گەیاندووە و زیاتر لە 1200 دوکانی جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵ بە تەواوی سووتاون. میدیا ناوخۆییەکان ئەم ڕووداوە بە گەورەترین و وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردووی وڵاتەکەدا وەسف دەکەن.
ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی توندی توڕەیی لە ناوخۆی پاکستان لێکەوتووەتەوە. کەسوکاری قوربانیان و هاووڵاتیان ڕەخنەی توند ئاراستەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکەن و بە "کەمتەرخەم و سست" لە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکاندا تۆمەتباریان دەکەن. ئەوەی زیاتر خەڵکی نیگەران کردووە، ئاشکرابوونی ئەوەیە کە زۆربەی دەروازەکانی دەرچوونی فریاگوزاری لە مۆڵەکەدا داخرابوون، ئەمەش وایکردووە سەدان کەس لەناو ئاگرەکەدا گەمارۆ بدرێن و نەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی پاکستان بە فەرمی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند؛ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەپەلە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە و شێوازی مامەڵەکردنی تیمەکانی فریاگوزاری دەستپێدەکات. حکوومەت جەختی کردەوە کە هەر لایەن و بەرپرسێک کەمترخەمی نواندبێت، بە توندی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.