ئیسرائیل چوار دەروازەی سنووری نێوان سووریا و لوبنانی بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چوار دەروازەی سنووری لە ناوچەی "هێرمێل" لە نێوان سووریا و لوبنان. ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ ئەوە دەکات کە ئەم دەروازانە لەلایەن حزبوڵڵاوە بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی بەکارهێنراون.

ئەفێغای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی سیدۆن لە باشووری لوبنان، توانیویانە (محەممەد عەوادە) لەناو ببەن، کە وەک بازرگان و قاچاخچییەکی سەرەکیی چەک بۆ حزبوڵڵا ناوزەند کراوە. هەروەها ئیسرائیل رایگەیاندووە لە رێگەی درۆن، پێگەیەکی دیکەی حزبوڵڵایان لە ناوچەی زەهرانی کردووەتە ئامانج.

 فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند باڵەخانەیەکیان لە شارۆچکەی "قەناریت" و "کفوور" کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری ماددییان لێکەوتووەتەوە. 

لە لایەکی دیکەوە ، جۆزێف عەون، فەرماندەی سوپای لوبنان سەرۆکی وڵات، لە دیدارێکدا لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەستکەوتەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ماوەی مانگی ئاب تا ئەیلوولی 2025 خستە روو. عەون جەختی لەوە کردەوە کە سوپای لوبنان کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکانی باشووری ڕووباری لیتانی کردووە و ناوچەکە لە چەکی نایاسایی پاککراوەتەوە. هەرەوەها ئەم هەنگاوە بە پرۆسەیەکی بێ وێنە لە مێژووی لوبنانی هاوچەرخدا ناوزەند کرد.

سوپای لوبنان قۆناغی یەکەمی پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵای راگەیاندووە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بە گومانەوە لەم هەنگاوانە دەڕوانێت و سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان بەردەوامە.