وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ پلانی هەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ حکوومەتی کوبا بڕوخێنێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، ئاشکرای کرد کە ئیدارەی کۆشکی سپی پلانی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە دەسەڵاتی شیوعی لە کوبا بهێنێت.
رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەدوای کەسایەتییەکدا دەگەڕێت لەناو حکوومەتی کوبادا، کە بتوانێت هاوکار بێت بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بەمەبەستی رووخاندنی ڕژێمی شیوعی پێش کۆتایی ئەمساڵ.
بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوبا و کۆمەڵەی مەدەنییەکان لە مەیامی و واشنتن، جەختی کردووەتەوە، لەسەر دیاریکردنی کەسێک لەناو خودی حکوومەتی ئێستای کوبا، کە نیشانەکان بە ڕوونی دەبینێت و خواستی ئەوەی هەیە رێککەوتن بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئیدارەی ئەمریکا، دۆخی ئابووری کوبا لە لێواری داڕماندایە و حکوومەتەکەش دوای لەدەستدانی هاپەیمانی سەرەکی خۆی کە "نیکۆلاس مادورۆ"، سەرۆکی ڤەنزوێلا بوو، زۆر لاواز بووە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ئەمریکا، ئەم وڵاتە بەدەست کەمیی کاڵا و دەرمان و بڕانی کارەباوە گرفتارە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەرچی ئەمەریکا بە ئاشکرا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە کوبا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی دەڵێن، ئەو هێرشە بوێرانەیەی بووە هۆی دەرکردنی مادورۆ، دەبێت وەک هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ هاڤانا سەیر بکرێت.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی باڵاوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ پلانێکی دیاریکراوی نییە بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمی شیوعی کە نزیکەی حەوت دەیەیە کۆنترۆڵی کوبای کردووە، بەڵام دەستگیرکردنی مادورۆ و سازشەکانی دواتری هاوپەیمانەکانی، وەک نموونەیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ کوبا دەبینن.
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا ڕوونیان کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی 3ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ، بە هاوکاری کەسێکی نزیکی سەرکردەی ڤەنزوێلا ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی کوژرانی 32 سەربازی کوبی و ئەندامانی هەواڵگری لە تیمی پاراستنی مادورۆ.