ئەڵماس توانای رۆیشتن بۆ تووشبووانی نەخۆشی ئیفلیجی دەگەڕێنێتەوە

شۆڕشێکی تەکنەلۆژی لە بواری پزیشکیدا؛ زانایان لە رێگەی داهێنانی جەمسەرێکی کارەبایی لە 'ئەڵماس'، هەوڵی گێڕانەوەی توانای رۆیشتن بۆ تووشبووانی ئیفلیجی دەدەن و ئومێدێکی گەورە بۆ ئەو کەسانە دەگێڕنەوە کە بەهۆی پێکانەکانی بڕبڕەی پشتەوە توانای رۆیشتنیان لەدەستداوە.

جوڵەی مرۆڤ لە کۆمەڵێک ئاماژەی کارەبایی پێکدێت کە بە خێرایی لە نێوان مێشک و بەشەکانی دیکەی جەستەدا دەگوازرێنەوە، بەوەش ماسولکەکان دەجوڵێن و هاوسەنگیی پەلەکان دەپارێزرێت. هەر هەنگاوێک کە دەینێین بەم ئاماژانە دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک بەهۆی پێکانەکانی بڕبڕەی پشت (دڕکەپەتک) ئەو پەیوەندییە دەپچڕێت، رۆیشتن دەبێتە کارێکی مەحاڵ.

لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، تیمێکی توێژەران کاریان لەسەر پەرەپێدانی "جەمسەری کارەبایی" زۆر ورد کردووە کە لە ریشاڵی کاربۆن دروستکراون. ئێستاش لە چوارچێوەی دەسپێشخەریی (RE-MOVE) و بە هاوکاری توێژەرانی کەنەدی، کار لەسەر ئەوە دەکرێت ئەم جەمسەرانە بە جۆرێک بگونجێنرێن کە لەگەڵ بڕبڕەی پشتدا کار بکەن.

بیرۆکەکە بریتییە لە چاندنی ئەم جەمسەرانە لەناو بڕبڕەی پشتدا بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی ئاماژەی کارەبایی و کیمیاییەوە پەیوەندی لەگەڵ خانە دەمارییەکان دروست بکەنەوە. گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە بڕبڕەی پشت ناوچەیەکی زۆر هەستیارە و هەمیشە لە جوڵەدایە، ئەمەش وادەکات هەر دەستوەردانێکی پزیشکی پێویستی بە وردەکارییەکی لە رادەبەدەر هەبێت.

لێرەدا سوود لە ریشاڵی کاربۆن وەرگیراوە کە بەوە ناسراوە زۆر نەرم و بەهێزە و گەیەنەرێکی باشی کارەبایە، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە باشترین ئامراز بۆ پەیوەندیی دەماری. 

ئەم جەمسەرە بچووکانە دەتوانن لەگەڵ "تاکەخانە" دەمارییەکاندا پەیوەندی ببەستن، کە ئەمە کارێکە جەمسەرە گەورەکان (ئەوانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی پارکنسۆن بەکاردێن) ناتوانن ئەنجامی بدەن؛ چونکە رۆیشتن و جوڵەی ورد پێویستی بە کۆنتڕۆڵێکی زۆر تێر و تەسەل هەیە نەک تەنیا کارکردن لەسەر کۆمەڵە خانەیەکی گەورە.

بۆ ئەوەی ئەم جەمسەرانە بەرگەی بارودۆخی ناو جەستە بگرن و تەمەنیان درێژ بێت، توێژەران بە چینێکی تەنک لە "ئەڵماس" دایانپۆشیون، کە یەکێکە لە رەقترین ماددەکانی سەر زەوی. بەهۆی ئەم چینە ئەڵماسییەوە، جەمسەرەکان لە ناو ژینگەی سەختی بڕبڕەی پشتدا داناخورێن و بەردەوام دەبن لە گواستنەوەی ئاماژەکان لە نێوان مێشک و جەستەدا، لە هەمان کاتدا هەستیاریی خۆیان بۆ پێوانەکردنی ماددە کیمیاییە دەمارییەکانی وەک "دۆپامین" دەپارێزن.

تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمارکردووە لە جێگیرکردنی جەمسەرەکان لە قووڵاییەکی گونجاودا بۆ پەیوەندیکردن بە خانە دەمارییەکانی بڕبڕەی پشت. هەنگاوی داهاتوو بریتی دەبێت لە تاقیکردنەوەی توانای ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جوڵە و گێڕانەوەی تەواوەتیی پەیوەندییە دەمارییەکان، کە ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئیفلیجی دەکاتەوە.

ئەم جەمسەرە ئەڵماسییانە هەرچەندە قەبارەیان زۆر بچووکە، بەڵام توانای ئەوەیان هەیە گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ژیانی ئەو کەسانەدا دروست بکەن کە توانای رۆیشتنیان لەدەستداوە.