وەزارەتی ناوخۆی عێراق: سنوورەکانی سووریا بە هەماهەنگی پێشمەرگە پارێزراون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی دەکاتەوە؛ سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا بە شێوەیەکی تۆکمە و نموونەیی پارێزراون و هیچ جۆرە بۆشاییەکی ئەمنیی لە ناوچەکەدا نییە.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە و ئەگەرێکی نەخوازراو، سێ هێڵی بەرگریی لەسەر سنووری سووریا جێگیرکراون؛ هێڵی یەکەم لەلایەن پاسەوانی سنوور، هێڵی دووەم لەلایەن سوپا و هێڵی سێیەمیش لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت."

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی پێویست و کەرەستەی سەربازیی بەش لەسەر سنوورەکان هەن و تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنیی لەو ناوچانەدا تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هەرێمی کوردستان، میقداد میری جەختی کردەوە: "لە سنووری شنگال و پارێزگای نەینەوا، هەماهەنگییەکی تەواو و بەردەوام لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵ و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."