مەسرور بارزانی: توانیمان ڕاستییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرکردەکانی جیهان بگەیەنین

"هەرگیز ناهێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا بە تەنیا بمێننەوە" بەم دەستەواژەیە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. جەختی لەوەش کردەوە، کە لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان، سەرنجیان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیدا بکەن و بۆ ئەوەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە دەکرێتە سەریان کۆتایی پێ بهێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: لە داڤۆس چەندین تەوەر هەبوو قسەی لەسەر بکەین، تەوەری یەکەم بریتی بووە لە؛ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کۆمپانیاکانی جیهان باشتر بکەین و دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانماندا لە داڤۆس؛ باسمان لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت، هەروەها ئەو هێرشە ناڕەوانەی کە دەکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەو بابەتەمان بە جیددی باس کرد هیوادارم ئەنجامی هەبێت و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.

هاوکات باسی لەوە کرد، ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەکاندا لە داڤۆس، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە بیخەینە ڕوو، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت و شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات، هیوادارم ئەو ترسە لە ناو خەڵک نەمێنێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، هەر چەندە ئێمە بۆ بابەتی ئابووری هاتین بۆ داڤۆس، بەڵام دۆخی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ لەو ناوچەیە بووە بە بابەتی سەرەکی گوفتوگۆ و دیدارەکانمان لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لە نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک کراوە، ئەوەی من زانیوومە، هەردوولا تەقریبەن گەیشتن بەو ڕێککەوتنەی بۆ ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوا بەردەوام بێت، هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تا ئاشتی و سەقامگیری بەرپا بێت، هیوادارم شەڕ دووبارە بەرپا نەبێتەوە.

مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هیچ کەسێک لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی نییە، لەگەڵ کێ لە داڤۆس دیدار و کۆبوونەوەمان هەبوو، باسیان لەوە کرد کە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوەی ئێستا گرنگە دەبێت ئاگربەست بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵکی کوردستان نەمێنێت.

لە بارەی ئابوورییەوە، مەسرور بارزانی، دەڵێت: بووژانەوەی ئابووری لە هەر وڵاتێک هەبێت، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانانی ئێمە و سەرمایەدارانمان، بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری، هەروەها بەشدار بن لەو چالاکییانەی کە ئێمە لە ئاستی نێوەدەوڵەتییدا دەیکەین، بۆیە سێیەمین ساڵە ئێمە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەینەوە، ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری کوردستان بەشدار بوون، ئەوانیش دیداریان لەگەل کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێکی باشتر بۆ کرانەوەی کوردستان بە ڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بازرگان و سەرمایەدارانمان، بیانەوێت و ئارەزووی ئەوەیان هەبێت لە چ کەرتێک کار بکەن، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییان دەکەین.

لە بارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەوڵێکی جیددی داوە بۆ راگرتنی شەڕ، بۆیە لە هەولێر میوانداریی مەزڵووم عەبدی و  تۆم بەڕاکی کرد، بۆ ئەوەی هەردوولایان بگەن بە ئەنجامێک تا ڕێگری لە شەڕەکە بکرێت، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نەبن و دەیانەوێت شەڕ بەرەو کۆتایی بچێت، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت لە لایەن هەردوولاوە کە جێگەی ڕێز و قبووڵکردن بێت.

دەشڵێت: سەرۆک بارزانی ئێستاش لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەرنجی لەسەر ئەوە بووە کە پەیامەکانی بە هەموو جیهان بگەیەنێت کە دەبێت ئەو شەڕەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی پێ بێت. ئینشائەڵڵا بەرەو کۆتایی دەڕوات، دیدارەکانی ئەمڕۆش لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک  بۆ ئەوە بووە دەرفەتێکی زیاتر هەبێت تا ئاگربەست بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێکدادان.

لەبارەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەر لە یەکەم رۆژەوە ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی لەسەر ڕای خۆی بەردەوامە، دەشبێت ڕێز لە ڕای خەڵکی کوردستان بگیرێت.

لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، دوا چەندین ساڵ کە هەوڵی جیددیمان تا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بتوانێت بچێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگاکە دوێنێ توانییان یەکەم کاروانی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان ببەن، بەردەوامیشن لە هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژئاوا، ئەوەی پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین و نا‌هێڵین خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە.