ستاڤ ئاسۆ: لە ماوەی چەند کاتژمێرێک زیاتر لە 20 ملیۆن دینار هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا کۆکراوەتەوە
کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوا لە هەولێر لە دوای راگەیاندنی بە چەند کاتژمێرێکی کەم، کەلوپەل و پێداویستی زۆر بۆ منداڵان و هاووڵاتییان کۆکراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە دوای راگەیاندنی کەمپینی هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 20 ملیۆن دیناری عێراقی و دوو هەزار و 200 دۆلار کۆکراوەتەوە، جیا لە کەلوپەل و پێداویستی ناوماڵ، دوای کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بە تیمێکی تۆکمە تەواوی زانیارییەکان تۆمار دەکرێن بۆ ئەوەی مافی هیچ کەس و خێرخواز و کۆمپانیایەک نەخورێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەکی زۆری جلوبەرگ و کەلوپەلی خێزان ومنداڵەکان گەیشتوون، چونکە منداڵان لە هەمووان پێویستیترن، تاوەکوو یەک کەس پێویستی بە هاوکار هەبێت ئەم کەمپینە بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەو تیمێکی شارەزا کەلوپەلەکان بەگوێرەی تەمەنەکان لە یەکتری جودا دەکاتەوە.
باسی لەوەش کرد، تەواوی کەلوپەلەکان بەخێرایی لە رێگەی بارهەڵگرەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێردرێت.
لەلای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەمپینێکی فراوانی بۆ هاوکاریی کوردانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و گوتی: لەپێناو هەڵوێستێکی ئەخلاقی، مرۆیی، نیشتمانی و ئاینی؛ هەرێمی کوردستان لە پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان و ئەو دۆخە ناهەموارەی خوشک و برایانمان تێیکەوتوون، ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە. ئەمڕۆ رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە پشتگیری هەموو مرۆڤایەتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
ئومێد خۆشناو روونی کردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و لەسەرووی هەمووشیانەوە سەرۆک بارزانی، هەموو تواناکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم شەڕ و ماڵوێرانییە بوەستێت، تا کوردانی رۆژئاوا بگەنە ماف و دەستکەوتەکانی خۆیان لە سووریای نوێدا.
ئومێد خۆشناو ئاماژەشی دا،"دۆخەکە وایکردووە هاووڵاتیانی رۆژئاوا، جیا لەو نەهامەتییانەی ساڵانی رابردوو لە شەڕی دژی داعش بینییان، ئێستا تووشی ئاوارەیی و سەختییەکی زۆر ببنەوە. هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک نوێنەری مرۆیی خەڵکی کوردستان، لە رۆژانی رابردوودا تیمی تەندروستی و پێداویستی زۆریان گەیاندۆتە ئەوێ. ئێمەش ئەمرۆ 'کەمپینی هەولێر' رادەگەیەنین، بەدەر لە هەموو بۆچوونە سیاسییەکان، وەک هەولێری میهرەبان کە هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانی هەبووە."
لە درێژەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو داوای لە پیاوانی ئایینی لە هەموو ئاینە جیاوازەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو خەڵکی کوردستانی کرد پشتگیری ئەم کەمپینە بن. هەروەها سوپاسی ژووری بازرگانی هەولێر، یەکێتی بەڵێندەران، یەکێتی وەبەرهێنەران، یەکێتی هەناردە و هاوردەکاران و هەموو سەرمایەدار و کۆمپانیاکانی شارەکەی کرد و جەختیشی کردەوە کە دڵنیان خەڵکی هەولێر درێغی ناکەن.
ئومێد خۆشناو راشیگەیاند ئەو پێداویستییانەی ئێستا زۆر گرنگن و داواکراون بریتین لە:
1- پێداویستییە تەندروستی و دەرمان.
2- ئازووقە و پاکێجی خواردەمەنی.
3- دۆشەک، بەتانی و خێمە.