حەج و عومرەی هەرێم: عومرەکارێکی خەڵکی هەولێر لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عومرەکارێکی کورد لە شاری مەککەی پیرۆز لە وڵاتی سعوودیە کۆچی دوایی کرد و بڕیاریشە تەرمەکەی هەر لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

پێنجشەممە 10ـی ئایلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوول عومرەکارێکی کورد بە ناوی "مەهاباد عوسمان کارەسوول" لە شاری مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کردووە، ناوبراو ئاشکراشی کرد، کۆچکردوو دانیشتووی شاری هەولێرە و تەمەنی لە سەرووی 55 ساڵییەوە بووە.

 

گوتەبێژی حەج و عومرە باسی لەوەش کرد، ئەم ئافرەتە باری تەندروستیی زۆر باش بووە و لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بە مەبەستی بەجێهێنانی گەشتی عومرە سەردانی سعوودیەی کردبوو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ کتوپڕ لە ژوورەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کردووە، گوتیشی: ئەمە یەکەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی عومرەکارانی هەرێمی کوردستانە لە وەرزی عومرەی ئەمساڵدا.

سەبارەت بە شوێنی بەخاکسپاردنیشی، کاروان ستوونی روونیکردەوە، بەپێی رێکارەکان بڕیار دراوە تەرمەکەی هەر لە شاری مەککەی پیرۆز بەخاک بسپێردرێت.

هاوکات بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی کۆچکردوو کرد و لە پەروەردگاری مەزن پاڕایەوە کە بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاری ببەخشێت.