سلێمان ئۆسۆ:هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی مۆرالی خەڵکی بەرزکردەوە
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە رایگەیاند: هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان مایەی دڵخۆشییە.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند: رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم ئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بوو، داوا دەکەین ئاڵۆزییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی مۆرالی خەڵکی بەرزکردەوە، پەیوەندیی سەرۆک بارزانی و هەوڵەکانی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.
سلێمان ئۆسۆ، باسی لەوەش کرد، خەڵکێکی زۆر بەهۆی شەڕی حەلەبەوە ئاوارەبوو، بەڵام هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان و هەموو کوردان لە هەموو شوێنێک مایەی دڵخۆشی و یەکگرتنی گەلی کورد پێشان دەدات، هەروەها داوا لە هۆزە عەرەبەکانی سووریا دەکات، دووربن لە گوتاری ڕق و کینە، کە خەڵکانێک بڵاویدەکەنەوە، چونکە سەدان ساڵە لەم ناوچەیە بەیەکەوە دەژین.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کورد ئاشتی دەوێت و نایەوێت شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە هەبێت.
وردەکاریی 14 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات
دۆسیەی سەربازی و ئەمنی
ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.
تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.
دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
دەرکردنی پاشماوەکانی ئەسەد: سەرکردایەتیی هەسەدە پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی لەناوچوو (النظام البائد) نەخاتە ڕیزەکانییەوە و لیستێک بە ناوی ئەو ئەفسەرانەی ڕژێمی لەناوچوو کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریان ڕادەست بکات.
دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی
ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.
دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.
دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن.
چارەکردنی دۆسیەی بێ ناسنامەکان: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ی ساڵی 2026 کە دەقەکەی دان بە مافە ڕۆشنبیری و زمانییەکانی کورددا دەنێت، هەروەها چارەکردنی دۆسیە یاسایی و مەدەنییەکانی تایبەت بە بێ ناسنامەکان و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو.
دۆسیەی ئابووری و مرۆیی
سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا.
زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.