ترەمپ "ئەنجوومەنی ئاشتی" ڕادەگەیەنێت و نەخشەڕێگەی نوێی جیهان دەخاتە ڕوو
سەرۆکی ئەمریکا، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە نەخشەی سیاسیی جیهانی گۆڕی و واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد. لە وتارێکی گشتگیردا، ترەمپ وردەکاریی ستراتیژییەکی نوێی خستە ڕوو کە تێیدا کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و چارەکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانی لەخۆ گرتووە، هاوکات ژمارەیەک لە وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە پەیوەستبوونی خۆیان بەم ئەنجوومەنەوە ڕاگەیاند.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەرکردەی وڵاتانی ئەندام تێیدا بەشدار بوون، دۆناڵد ترەمپ واژۆی لەسەر ميثاق (پەیماننامە)ی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەکەی بەوپەڕی جیددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییەدا دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."
لە بەشێکی گرنگی گوتارەکەیدا، ترەمپ پەردەی لەسەر نهێنییەکی سەربازی و سیاسی هەڵدایەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بە تەواوی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێرانی وێران کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەیی واشنتنی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ تاران نیشان دا.
سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەکەی سەرکەوتوو بووە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی خوێناویی کەرتی غەززە و گەیشتن بە ئاگربەستێکی سەرتاسەری. بەڵام هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بزووتنەوەی حەماس کرد و گوتی: "ئەگەر چەکەکانیان دانەنێن، ئەوا چارەنووسیان کۆتاییهێنان دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا شانازیی بەوەوە کرد کە توانیویەتی کۆتایی بە 8جەنگ و ململانێی جیهانی بهێنێت، کە دیارترینیان ناکۆکیی نێوان هیندستان و پاکستان بووە. هەروەها گەشبینیی خۆی نیشان دا کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی "ئەنجوومەنی ئاشتی"ـدا، بەم نزیکانە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرایناش بهێنێت.
پێشوازیی نێودەوڵەتی و فراوانبوونی ئەنجوومەنەکە
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".
وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە جەختیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان بە پێی ڕێکارە یاساییەکان ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن (وەک چۆن میسڕ، پاکستان و ئیمارات پێشتر ڕایانگەیاندبوو).
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، هاتووە کە وڵاتانی ئەندام پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ئەنجوومەنەکە بەپێی "پلانی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە" و بڕیاری ژمارە 2803ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەک کە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان زامن بکات.