پۆلیسی پارێزگای سلێمانی: مامۆستا ئایینییەکە دەڵێ کاری بەدڕەوشتی لە مزگەوتەکەیدا نەکراوە
روونکردنەوە دەدات
K24 - هەولێر
بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەکارهێنانی یەکێک لە مزگەوتەکانی نێو بازاڕی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کاری بەدڕەوشتی، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەگەڵ مامۆستای مزگەوتەکە و ئەوقافیش بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە بکات.
لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16-12-2020) بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە "بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی سەرای راسپارد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ راستی و دروستی ھەواڵەکە بکەن".
"پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی سەرا لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد و بەوتەی مامۆستای ئایینیی مزگەوتەکە، لەمساڵدا ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لە مزگەوتەکە ئەنجامنەدراوە"، ئەمەش لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکدا هاتووە.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کردووە "بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی رەتیکردووەتەوە ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لەو مزگەوتە ئەنجامدرابێت و، بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەشیان لەوبارەیەوە داوە".
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دووپاتیدەکاتەوە وەک ئەرکی سەرشانیان ئامادەیی تەواویان ھەیە بۆ چاودێریکردن و بەرگرتن لەھەر کارێکی بەدڕەوشتی و نایاسایی لەھەر شوێن و جێگەیەکی شاری سلێمانیدا ئەنجامبدرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا وا بڵاوكرایەوە چەند ژن و پیاوێك لە توالێتی مزگەوتێكی ناو بازاڕی شاری سلێمانی بینراون، دەگوترێت "كاری بەدڕەوشتیان كردووە".
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 لە لێكۆڵینەوەكان و جگە لە قسەكردن لەگەڵ مامۆستای ئایینی مزگەوتەكە، تەماشای كامێرای چاودێری مزگەوتەكە دەكرێتەوە.
هـ.ر.