بەهۆی سۆبای دارەوە باوکێک و کچێک خنکان

سۆبای دار کارەساتی نایەوە و خێزانێکی پێنج کەسی لە گوندی گڕاوی سنووری پارێزگای هەولێر بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، لە گوندی گڕاوی سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆی گازی سۆبای دارەوە باوکێک و کچێکی خنکاون و سێ ئەندامی دیکەی خێزانەکە ژەهراوی بوون و لە ژێرچاودێری پزیشکیدان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو خێزانە پێنج کەسییە، لەنێو باخەکەیاندا لە گوندی گڕاو سوبای داریان داگیرساندووە و بەهۆی نەمانی ئۆکسجین، سەرۆکی خێزانەکە کە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە لەگەڵ کچێکی تەمەنی نزیک 10 ساڵان خنکاون، دوای ئەوەی تەرمەکانیان گواستراوەتەوە پزیشکی دادی هەولێر و پاش توێکاری تەرمی باوک و کچەکەی رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە.

هەروەها سێ ئەندامی خێزانەکەش، کە دایکێک و دوو منداڵی دیکەی بەهۆی ژەهراوی بوونەوە ئێستا لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە ڕزگاری خەوێندراون.

هاوکات کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەو بارەوە بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردەوە کە باوکێک و کچە 10 ساڵانەکەی ، لە کاتژمێر 8ی ئێوارە لە گوندی گوراو لە شوێنی خۆیان مردبوون؛ گوتیشی: هاوسەرەکەی و دوومنداڵ کچی و کوڕێک تەندروستیان ناجێگیرە لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکین.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەشی دا، تیمەکانی بەڵگە و تاوان و پۆلیس گومانی ئەوە دەکەن ئەم ماڵە بۆنی غاز هاتووە و سەرقاڵی ئامادەکردنی خۆراک بوونە و لێکۆڵینەوەش لە بابەتەکە بەردەوامە و لە داهاتوودا ڕاپۆرتەکان ئاشکرا دەکرێن.