تۆم بەڕاک دۆخی سووریا و پێشهاتەکان لەگەڵ سوودانی باس دەکات
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ تۆم بەڕاک نێردەی تایبەت سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا باسی پێشهات و دۆخی سووریا و ناوچەکەیان کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، بڵاویکردەوە، سوودانی پێشوازی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا کردووە و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کردووە، لەلایەن خۆیەوە سوودانی ئاماژەی گرنگی ئاسایش سووریا بۆ عێراق و ناوچەکە کردووەتەوە، هەروەها جەختی لە بەرقەرارکردنی سەقامگیری و یەکگرتوویی خاکی سووریا کردەوە.
هەروەها ئاماژەیان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام کردووە.
بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تۆم بەڕاک پێزانینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووەتە سوودانی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و هەڵوێستی عێراق لەم قۆناغە هەستیارەدا.