هاتوچۆی راپەرین: بەهۆی بەفربارینەوە چەند رێگایەک داخران

رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەرین راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تیایدا هاتبوو:  ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی سنوورەکە دەکەینەوە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا و کۆبوونەوەی بەفر و سەهۆڵبەندان، مەترسییەکی زۆر لەسەر رێگاکانی دەرەوەی شار دروست بووە.

بە گوێرەی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەرین، لەپێناو سەلامەتی گشتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان،  ئەم رێگایانەی خوارەوە گیراون و بۆ هاتوچۆکردن گونجاو نین:

1- رێگای کێلێ.
2- رێگای قەرەسرد.
3- رێگای زینوی وەرتێ.
4- رێگای سماقوڵی.
5- رێگای بالیسان بۆ زینەتیر.

لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە شۆفێران دەکەن بە هیچ شێوەیەک سەردانی ئەم رێگایانە نەکەن و پابەندی رێنماییەکان بن. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هاووڵاتیان تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست ماڵەکانیان جێبهێڵن.لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، پێویستە شۆفێران لە کاتی ناچاریدا زۆر وریابن، خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم بکەنەوە و ماوەی سەلامەتی نێوان خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانی پێشەوە بپارێزن، تاوەکو لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بەدوور بن.