کەسکین بایندر: دەسەلمێنین گەلی کورد یەک نەتەوەی یەکگرتووە
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان (DBP) ڕایگەیاند، ناتوانرێت لە ژێر دەنگی تۆپبارانەکانی سەر ڕۆژاوا باسی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بکرێت، دووپاتیشی کردەوە، بە هەموو هێزیانەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ چەسپاندنی ئەو ڕاستییەی کە گەلی کورد یەک گەل و یەک نەتەوەیە.
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی گرژییەکانەوە تا ئێستا جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەنگی تانک و تۆپباران لە ڕۆژاوای کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیادا ناگونجێت.
ڕاشیگەیاند، بە هەموو وزە و چالاکی و بەرگرییەکەوە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی ئەم ڕاستییەی، گەلی کورد یەک گەلە و دابەشبوونی قبووڵ ناکات.
بە بڕوای بایندر، پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەوە تێبگەن کە پرسی کورد پرسێکی گشتگیرە و ناکرێت لە ناوچەیەک هێرشی سەربازی ئەنجام بدرێت و لە ناوچەیەکی دیکەدا باس لە ئاشتی و چارەسەر بکرێت.
پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان (DBP) وەک هێزێکی سیاسیی کاریگەر لە باکووری کوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان پارچەکانی کوردستان دەکاتەوە، ئەم لێدوانانەی کەسکین بایندر لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامییان هەیە، ئەمەش وایکردووە لایەنە کوردییەکان یەکێتیی نەتەوەیی وەک تاکە ڕێگەی فشار بۆ سەر ئەنقەرە و بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان ببینن.