کۆبانێ لە لێواری کارەساتدایە

هێزەکانی حکوومەتی سووریا، کۆبانێی و گوندەکانی دەوروبەریان گەمارۆداوە و دۆخێکی سەختی مرۆیی بەرۆکی خەڵکی شارەکەی گرتووەتەوە

چەند رۆژێکە کۆبانێ لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکوومەتی دیمەشق، گەمارۆ دراوە و دانیشتووانی شارەکە و گوندەکانی دەورووبەری لە بەردەم کارەساتێکی گەورەی مرۆییدان.

موستەفا شێخ موسلم، پارێزەرێکی نیشتەجێی کۆبانێیە ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، رەوشی شارەکە لەوپەڕی خراپییەدایە و سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکانی سوپای سووریا، رێگرییەکی زۆر لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو شارەکە دەکرێت.

پارێزەرەکە، گوتیشی: تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر کۆبانێ و دەوروبەری بەردەوام بوون و دەنگی چەکی قورس بیستراوە، بەڵام لە بەرەی رۆژهەڵاتی شارەکەوە هێرشەکان تا رادەیەک وەستاون.

هەروا ئاماژەی بەوەش کرد، کاروانێکی ئەو کەسانەی لە گرتووخانەی "ئەکتان" دەربازیان بووە، گەیشتوونەتە ناو کۆبانێ و لە بەردەم پەیکەری "ژنی ئازاد" لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێکراوە، ئەمەش سەرەڕای نالەباری کەشوهەوا و بەفربارین. سەبارەت بەو کەسانەی ئەرکی پاراستنی گرتووخانەکەیان لەسەر بووە، شێخ موسلم گوتی: "بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، بریندارێکی زۆر لەنێوانیاندا هەن."

شێخ موسلم باسی لەوەش کرد، لە ناو کۆبانێدا هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی کارەبا، ئاوی خواردنەوە و ئینتەرنێت نەماوە و پەیوەندی خەڵک بە جیهانی دەرەوە پچڕاوە. هەروەها جەختی کردەوە کە هەرچەندە بە شێوەیەکی فەرمی رێگری نییە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع رێگری لە گەیاندنی هەر هاوکارییەک بۆ ناو شارەکە دەکرێت.

هەروەها رێدوان بێزار، رۆژنامەنووس لە رێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیەکەوە لە کۆبانێ، هۆشداریداوە لەوەی شارەکە بە تەواوەتی گەمارۆدراوە. بەهۆی بەفربارینی زۆر و سەرماوە، پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک سووتەمەنی، دەرمان و شیری منداڵان بەرەو نەمان چوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، جگە لە دانیشتووانی شارەکە، هەزاران کۆچبەری کورد کە پێشتر لە کەمپی "تەلی سمن" و ناوچەکانی عەین عیسا، رەققە و گرێ سپی ئاوارە ببوون، روویان لە ناو کۆبانێ کردووە، ئەمەش باری مرۆیی شارەکەی زیاتر قورس کردووە و داوا دەکرێت کەمپەینێکی جیهانی بۆ رزگارکردنی شارەکە و گەیاندنی خۆراک رابگەیەنرێت.

لەلایەکی دیکەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییەکی توندی لەبارەی دۆخی مرۆیی شاری کۆبانی و گوندەکانی دەورووبەری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی گەمارۆدانی قورسی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانەوە ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بووەتەوە.

روانگە هۆشداریداوە، گەمارۆکانی دیمەشق و ڕێگری لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی خەڵک، لەلایەک و بێدەنگیی نێودەوڵەتی لەلاکەی دیکەوە وا دەکەن، رۆژ لە دوای رۆژ بارودۆخ و ژیانی خەڵکی کۆبانێ خراپتر بن، چونکە خەڵکی ناتوانن دەستیان بە خۆراک و هیچ پێداویستییەک بگات.