ئیلهام ئەحمەد پەیامێکی ئاراستەی گەلی کورد لە نیشتمان و تاراوگە دەکات

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیامێکی ئاراستەی گەلی کورد لە نیشتمان و تاراوگە کرد و ڕایگەیاند، دەنگ و پشتیوانییەکانیان بووەتە هێڵێکی بەرگریی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی کەرامەتی گەل و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری.

هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: سوپاس و پێزانینمان بۆ گەلی کورد لە نیشتمان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە هەیە، بۆ ئەو وەستانە ڕاستگۆیانە و بەرپرسانەیی کە لەگەڵ تێکۆشانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هێزەکانیدا لە سووریا نواندیان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئیلهام ئەحمەد کاریگەریی ئەو پشتیوانییەی خستووەتە ڕوو و دەڵێت: دەنگ و پشتیوانی و جووڵە سیاسی و میدیاییەکانتان، هێڵێکی بەرگریی ڕاستەقینەی دروست کردووە بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان و مافی ژیان لە ئازادی و ئاسایشدا.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا داوای بەردەوامیی ئەو هەڵوێستانە دەکات و دەڵێت: هانتان دەدەین بەردەوام بن بۆ ئەوەی کۆتایی بە مەترسیی جینۆساید لەسەر گەلەکەمان بهێنین.