بەڵگەی دۆکیۆمێنتکراوی تاوانەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دژی مەدەنییەکان دەخرێتە ڕوو
لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک بەڵگەی نوێی دۆکیۆمێنتکراو ئاشکرا کراون کە پەردە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ماوەی کەمتر لە 17 ڕۆژدا هەڵدەدەنەوە.
هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، کۆمەڵێک بەڵگەی دۆکیۆمێنتکراوی تاوانەکانی سوپای عەرەبیی سووریای دژی مەدەنییەکان خستە ڕوو.
بەڕێوەبەری ناوەندیی ڕاگەیاندنی هەسەدە، نووسیویەتی: کۆمەڵێک بەڵگەی دۆکیۆمێنتکراو دەخەینە ڕوو سەبارەت بەو تاوانە جەنگییانەی کە سوپای عەرەبیی سووریا لە ماوەی کەمتر لە 17 ڕۆژی هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەکانیدا دژی دانیشتووانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی داون.
دەشڵێت: ئەم بەڵگانەی خراونەتە ڕوو، تەنیا نموونەیەکی سنووردار و بەشێکی بچووکە لە دۆخەکە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە پێشێلکاریی دیکە ڕوودەدەن بێ ئەوەی هیچ دۆکیۆمێنتکردنێکیان بۆ بکرێت یان لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بن.
Presented here is documented evidence of war crimes committed by the Syrian army within less than 17 days of its ongoing military campaign against the civilian population. This constitutes only a limited sample, as numerous additional violations are occurring without… pic.twitter.com/ghtjL4lEE6
— Farhad Shami (@farhad_shami) January 23, 2026
سوپای عەرەبیی سووریا، نزیکەی 17 ڕۆژە هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەست پێکردەوە، سوپاکە جگە لەوەی بە دڕندانەترین شێوە هاووڵاتییانی سڤیلی شەهید کردووە، هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی سوکایەتیکردن بە تەرمی هاووڵاتییە مەدەنییەکان و شەڕڤانان.
زەقترین پێشێلکاری سوپای عەرەبیی سووریا کە ئەنجامی داوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یەکێک لە چەکدارەکانی سوپاکە دوای ئەوەی کچێکی شەڕڤان شەهید دەکات، هەڵدەستێت بە بڕینی کەزییەکەی قژی و دواتر لە ڤیدیۆیەکدا سوکایەتیی بە قژە کەزیکراوەکە کرد. ئەم ڤیدۆیەش لە سەرانسەری جیهان دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، وای کرد هەموو دانیشتووانی جیهان سەرکۆنەی ئەو تاوانە قێزەوەنە بکەن، هەروەها کچانیش بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو تاوانە دوور لە مرۆڤایەتییە هەستان بۆ هۆنینەوەی کەزی بۆ قژیان.
هەروەها لە چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان، هاووڵاتییان ناوی منداڵە تازە لە دایکبووەکانیان دەکردە "کەزی" ئەمەش وەک پشتگیری بۆ کچە شەڕڤانەکان و سەرکۆنەکردنی تاوانە قێزەوەنەکانی سوپایی عەرەبیی سووریا.
لە نوێترین پێشهاتیشدا، پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ئاسایش و پۆلیسی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا دانی بەوەدا نا کە ژمارەیەک لە سەرباز و یەکەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، یاسا و ڕێسا سەربازییەکانیان پێشێل کردووە.
ئەم دانپێدانانە فەرمییە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و ئەخلاقیی جەنگ ڕەفتاریان کردووە، و ئەو "سەقامگیرییەی" بانگەشەی بۆ دەکەن، لەسەر بنەمای پێشێلکاری دژ بە خەڵکی ناوچەکە بووە.
چاودێران و شارەزایانی دۆخی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم دانپێدانانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا، نەک لەبەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، بەڵکو لەژێر فشارێکی گەورە و بۆ داپۆشینی ڕیسواییەکی گەورەتر بووە.
لە کاتێکدا ڕێککەوتنی ئاگربەست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئارادان، حکوومەتی سووریا دەیەوێت بەم هەنگاوە وێنەی "دەوڵەتێکی بەرپرسیار" و خاوەن دامەزراوەی یاسایی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، تا بڵێت ئێمە لێپرسینەوە دەکەین، بەڵام لە واقیعدا ئەمە تەنیا سیناریۆیەکی ڕووکەشە بۆ ڕزگارکردنی ناوبانگە شکاوەکەیان.