وەزارەتی بەرگریی سووریا: سەربازەکانمان لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاریان کردووە
لە ڕووداوێکی دەگمەندا کە پەردە لەسەر ماهییەتی ڕاستەقینەی هێزەکانی حکوومەتی سووریا هەڵدەماڵێت، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بە ناچاری دان بەوەدا دەنێت کە سەربازەکانیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، کۆمەڵێک "پێشێلکاری و تاوان"یان ئەنجام داوە. ئەم دانپێدانانە فەرمییە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە ئەو هێزانە لەبری چەسپاندنی ئاسایش، بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە و بێسەروبەرەیی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ئاسایش و پۆلیسی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا دانی بەوەدا نا کە ژمارەیەک لە سەرباز و یەکەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، یاسا و ڕێسا سەربازییەکانیان پێشێل کردووە.
لە کاتێکدا ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بە پێشێلکاریی بەرفراوان دەکەن، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەو کەسانەی سەرپێچییان کردووە. ئەم هەنگاوەی دیمەشق وەک هەوڵێک بۆ سپیکردنەوەی ڕووی سوپاکەی لێک دەدرێتەوە، بە تایبەت کە لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەوڵ دراوە ئەم تاوانانە وەک "حاڵەتی تاکەکەسی" باس بکرێت، نەک دیاردەیەکی سیستماتیک کە ڕەگ و ڕیشەی لەنێو پێکهاتەی ئەو هێزانەدا هەیە.
سەرەڕای دانپێدانان بەو پێشێلکارییانە، وەزارەتی بەرگریی سووریا بە شێوازێکی پارادۆکسانە ستایشی "ئاستی بەرزی ئینزیباتی" یەکەکانی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خودی ڕاگەیەنراوەکە دان بەوەدا دەنێت کە پێشێلکارییەکان سەرەڕای هەبوونی ڕێنماییەکان ئەنجام دراون، کە ئەمەش نیشانەی لاوازیی کۆنترۆڵ و بێسەروبەریی فەرماندەیی سەربازیی سووریایە بەسەر چەکدارەکانیدا.
ئەم دانپێدانانە فەرمییە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و ئەخلاقیی جەنگ ڕەفتاریان کردووە، و ئەو "سەقامگیرییەی" بانگەشەی بۆ دەکەن، لەسەر بنەمای پێشێلکاری دژ بە خەڵکی ناوچەکە بووە.
چاودێران و شارەزایانی دۆخی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم دانپێدانانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا، نەک لەبەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، بەڵکو لەژێر فشارێکی گەورە و بۆ داپۆشینی ڕیسواییەکی گەورەتر بووە.
قەبارەی تاوان و بێسەروبەرەیی هێزەکانی حکوومەت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (لە دزی، تاڵانی و دەستدرێژی) گەیشتووەتە ئاستێک کە چیدیکە قابیل بە شاردنەوە نەبووە. دیمەشق ترسی ئەوەی هەیە تووڕەیی خەڵکی ناوچەکە ببێتە هۆی تەقینەوەی جەماوەری و ڕەتکردنەوەی تەواوەتی بوونی هێزەکانیان، بۆیە هەوڵ دەدات بەو ڕاگەیەنراوە تووڕەیی خەڵک دابمرکێنێتەوە.
هەورەها دیمەشق بەم دانپێدانانە تاکتیکی "خۆبێبەری کردن" پەیڕەو دەکات. واتە هەوڵ دەدات تاوانەکان بخاتە ئەستۆی چەند سەربازێکی تاک بۆ ئەوەی وا پیشان بدات کە ئەمە سیاسەتی فەرماندەیی باڵا نییە، لەکاتێکدا بێسەروبەرەییەکە دەرەنجامی گەندەڵیی سیستماتیکی نێو دامەزراوە سەربازییەکەیانە.
لە کاتێکدا ڕێککەوتنی ئاگربەست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئارادان، حکوومەتی سووریا دەیەوێت بەم هەنگاوە وێنەی "دەوڵەتێکی بەرپرسیار" و خاوەن دامەزراوەی یاسایی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، تا بڵێت ئێمە لێپرسینەوە دەکەین، بەڵام لە واقیعدا ئەمە تەنیا سیناریۆیەکی ڕووکەشە بۆ ڕزگارکردنی ناوبانگە شکاوەکەیان.