بەریتانیا: ترەمپ هەڵەیە ڕۆڵی ناتۆ لە ئەفغانستان کەم دەکاتەوە
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە دەکات بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی هێزەکانی ناتۆ بەتایبەتی سەربازانی بەریتانیا لە ئەفغانستان.
هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، کایر ستارمەر گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، کەمکردنەوەی ڕۆڵی ناتۆ لە ئەفغانستان هەڵەیەکی گەورەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامی دەدات، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا مەترسی زۆر هەیە لە ناوچەکە کە دەبێت ئەمریکا و ئەفغانستان بە هاوکاری ناتۆ رووبەڕووی ببنەوە.
قسەکانی گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی ڕەخنەی لە وڵاتانی ناتۆ گرتبوو، هێزەکانی ئەوروپای بە "دوورکەوتنەوە لە هێڵی پێشەوە" لە ئەفغانستان تۆمەتبار کردبوو.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە، ناتۆ بەبێ هەوڵەکانی واشنتن بوونی نابێت و ستایشی ڕۆڵی ناتۆی کرد لە زیادکردنی بەشدارییەکانی وڵاتانی ئەندام، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لە سیاسەتی چەند سەرکردەیەکی ئەوروپی لەوان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە بەرگری و کۆچبەری و وزە و گەشەی ئابووری گرت.
لای خۆیەوە مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ وەڵامی دایەوە و جەختی لە قوربانیدانی ئەوروپا و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەمریکا کردەوە.
ڕوتە ئاماژەی بەو زیانانە کرد کە وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و دانیمارک لە ئەفغانستان تووشی بوون.