ستاڤ ئاسۆ: کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا بە گڕوتینەوە بەردەوامە
ستاڤ ئاسۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایدەگەیەنێت، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا بە گڕوتینەوە بەردەوامە، هاوکات تا ئێستا زیاتر لە 100 ملیۆن دینار پارە و ژمارەیەکی زۆر کەلوپەل کۆکراوەتەوە.
هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، ستاڤ ئاسۆ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، خەڵکی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان لە کەمپینەکەدا کردووە و ئەمڕۆ دوو بارهەڵگری دیکەیان ئامادە کردووە و ناردوویانە؛ بارهەڵگرێکیان تایبەت بووە بە خۆراک و شیر و دایبی منداڵان و ئەوەی دیکەشیان دۆشەک، بەتانی و پێداویستی زستانە بووە. ئاشکرای کرد کە ئێستا چاوەڕێی پڕبوونی بارهەڵگری سێیەم دەکەن بۆ ئەوەی ئەویش بەڕێ بکەن.
بەگوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی کەمپینەکە، تا ئێستا زیاتر لە 100 ملیۆن دینار وەک هاوکاریی دارایی لەلایەن خێرخوازان و هاووڵاتییانەوە بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی لە دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە کرد و گوتی: لە قامشلۆ زیاتر لە 50 ساڵە بەفری وا نەباریوە، دۆخەکە زۆر سەختە و سەرماکە زۆرە، بۆیە پێویستە ئەم کەمپینە بەردەوامی هەبێت.
ستاڤ ئاسۆ ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەو کەمپینە جەماوەرییە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆگاکانی خۆیەوە، پێشتر زیاتر لە 100 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندووەتە ڕۆژئاوا. هاوکات تیمێکی تەندروستی کە لە زیاتر لە 25 پزیشک، پەرستار و کارمەند پێکهاتوون، لەوێ خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.