دانوستانی سێقۆڵی نێوان ڕووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لە ئەبوزەبی دەستیپێکرد

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە فەرمی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکای لە ئەبوزەبی ڕاگەیاند. ئەمە یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای نێوان مۆسکۆ و کیێڤە سەبارەت بەو پلانەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چوار ساڵە پێشکەشی کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆکان ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، دەستیان پێکردووە و بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنن، ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییە بۆ قەیرانەکە. شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لە میوانداریکردنی ئەم دانوستانە سێقۆڵییە کرد و هیوای خواست ببێتە هەوێنێک بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییە مرۆییەکان.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، حکوومەتی ئەڵمانیا گومانی خۆی نیشاندا لەوەی ڕووسیا ئامادەیی هەبێت سازش بکات. شتیفان مایەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تێبینی ئەوە دەکەین کە هێشتا پرسیاری جەوهەری ماونەتەوە لەسەر ئەوەی ئایا ڕووسیا ئامادەیە دەستبەرداری داواکارییە زۆر و زەبەندەکانی ببێت یاخود نا.

گوتەبێژەکەی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ ڕێککەوتنێک تەنیا ببێتە مۆڵەتێک بۆ ڕووسیا تا خۆی ڕێکبخاتەوە و دواتر هێرش بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت ئاشتییەکی بەردەوام و گرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر کرێملن مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیای لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە (دۆنباس) وەک مەرجێکی پێشوەختە دیاری کردبوو، کیێڤیش بەردەوام ڕەتی کردووەتەوە.

هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆڕبەندی داڤۆس ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرت و ڕایگەیاند، ئەورووپا یرادەی سیاسی نییە بەرانبەر پوتن و وەک ئەوە دەردەکەوێت کە ون بووبێت لە هەوڵی ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمەریکادا.