ئیلهام ئەحمەد: دەستپێشخەری دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، جێگیرکردنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەردی بناغە و هەنگاوی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی کە لە 18ـی کانوونی دووەمدا راگەیەندراوە.

سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ناوچەکە، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانی رابردوو ناوچەکە شەپۆلێکی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی لە چەندین گوند و شارۆچکەوە بەخۆیەوە بینیوە، جەختیشی کردەوە، ئێستا هەمووان بە هیواوە چاوەڕوانی گەڕانەوەیەکی ئارامن بۆ سەر زێدی خۆیان.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە روونیشیکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە زیانی گەورەیان بەخەڵک و پرۆسەی خوێندن گەیاندووە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیلهام ئەحمەد دووپاتی کردەوە، "سەرەڕای سەختی دۆخەکە، ئێمە لە کارکردن بەردەوامین و دەستپێشخەری دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە"، هەروەها ستایشی ئەو هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییانەشی کرد کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدرێن.

رۆژی هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: سوپاس و پێزانینمان بۆ گەلی کورد لە نیشتمان و رەوەندی کوردی لە دەرەوە هەیە، بۆ ئەو وەستانە راستگۆیانە و بەرپرسانە کە لەگەڵ تێکۆشانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزەکانیدا لە سووریا نواندیان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئیلهام ئەحمەد کاریگەریی ئەو پشتیوانییەی خستووەتە روو و دەڵێت: دەنگ و پشتیوانی و جووڵە سیاسی و میدیاییەکانتان، هێڵێکی بەرگریی راستەقینەی دروست کردووە بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان و مافی ژیان لە ئازادی و ئاسایشدا.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا داوای بەردەوامیی ئەو هەڵوێستانە دەکات و دەڵێت: هانتان دەدەین بەردەوام بن بۆ ئەوەی کۆتایی بە مەترسیی جینۆساید لەسەر گەلەکەمان بهێنین.