کۆشکی سپی: ئەوروپا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانییەوە بە هێواشی لەناو دەچێت
ستیڤن میلەر، جێگری سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی، ڕەخنەی ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا کرد و ڕایگەیاند؛ ئەو کیشوەرە بەهۆی زنجیرەیەک بڕیاری سیاسی و ئابووریی نادروستەوە، "هێواش هێواش خۆی لەناو دەبات."
میلەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ڕەخنانەی دۆناڵد ترەمپ لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ئاراستەی ئەوروپای کردن، لە واقیعێکی تاڵەوە سەرچاوەیان گرتووە. میلەر چەند خاڵێکی وەک هۆکاری سەرەکی بۆ داڕمانی ئەوروپا دەستنیشان کرد، لەوانە؛ پەیڕەوکردنی ڕێسای توند و پشتبەستن بە وزەی پاکی "ناکارامە". هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی نابەرپرسانە لە پرسی کۆچبەراندا. لەەڵ شکستهێنانی وڵاتانی ئەوروپا لە وەبەرهێنان لە هێزە چەکدارەکانیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ و بەکارهێنانی تواناکانی واشنتن بۆ پاراستنی ئاسایشی کیشوەرەکە لەبری پشتبەستن بە خۆیان.
ئەم لێدوانانەی میلەر دوای وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت لە داڤۆس، کە تێیدا هۆشداری دابووە وڵاتانی ئەوروپا لە ئەگەری ڕوودانی "داڕمانی وزە". ترەمپ جەختی لەوە کردەوە؛ واشنتن دەیەوێت هاوپەیمانی بەهێزی هەبێت، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئەوروپا گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیاسەتەکانیدا بکات، چونکە بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا ناتوانن ڕووبەڕووی هەڕەشە ئەمنییە گەورەکان ببنەوە.
لە بەرانبەردا، لێدوانەکانی ئیدارەی ترەمپ نیگەرانی قووڵی لەلای سەرکردە ئەوروپییەکان دروست کردووە. ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری سەرکردەیەکی ئەوروپییەوە کە ناوی نەهێنراوە بڵاویکردەوە، ئەوروپا ئەو جۆرە "سووکایەتییانە" لەبیر ناکات کە ئیدارەی ترەمپ لە مامەڵە دیپلۆماسییەکانیدا بەرانبەر بە هاوپەیمانە مێژووییەکانی بەکاری دەهێنێت.