هەسەدە: حکوومەتی دیمەشق ئاگربەست پێشێل دەکات و خۆی بۆ شەڕێکی نوێ ئامادە دەکات
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دا کە سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست، حکوومەتی دیمەشق بەردەوامە لە ئامادەکاریی سەربازی و هەوڵی تێکدانی دۆخەکە دەدات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، جووڵەی سەربازی و ئامادەکاریی لۆجستیی هێزەکانی حکوومەت لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانێ بەدی کراوە، ئەمەش بە ئاماژەیەکی ڕوون دانراوە بۆ نییەتی ئەو هێزانە بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ و ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ.
هەسەدە ئاشکرای کردووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ شەممە هێزەکانیان لە ناوچەی جەزیرە دوو جار ڕووبەڕووی هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئاگربەست وەسفی کردووە.
لە کاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان پابەندن بە بەندەکانی ئاگربەستەوە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنگاوەکانی حکوومەتی دیمەشق بە تەواوی پێچەوانەی بەڵێنەکانن و ئامانج لێیان شکستپێهێنانی هێوەرکردنەوەی دۆخەکە و هەڵبژاردنی بژاردەی جەنگە لە جیاتی چارەسەری سیاسی.
لە کۆتاییدا، هەسەدە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی هەڵکشاو کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەروەها هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پێشێلکاریی نوێ بۆ سەر ڕێککەوتنی ئاگربەست، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکیان کردووەتە سەر ناوچەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەسەدە، هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنێکی خۆکوژەوە کراوەتە سەر گوندی سەفا لە باشووری شارۆچکەی چڵ ئاغا (جەوادیە) و بەهۆیەوە دوو شەڕڤانی هێزەکانیان بریندار بوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزەکانیان توانیویانە وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە و درۆنێکی دیکەی هێرشبەری ئەو گرووپانە پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، تێکبشکێنن و بیخەنە خوارەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی کە بڕیار بوو، کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو، شەممە، 24ـی کانوونی دووەم کۆتایی پێبێت.
تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەلایەن هەردوو لایەنەوە دەرنەچووە، بەڵام سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ـیان راگەیاندووە، ئاگربەستەکە لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە.