کۆبانی لە بەردەم هەڕەشەی مەرگی بە کۆمەڵدایە

شاری کۆبانێ
شاری کۆبانێ

لەژێر گەمارۆیەکی توندی حەوت ڕۆژەدا، شاری کۆبانێ بەرەو مەرگێکی هێواش دەچێت. بەهۆی بڕینی ئاو، کارەبا و ڕێگری لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان، ژیانی هەزاران مەدەنی لە مەترسییەکەی گەورەدایە. حزبە کوردییەکان بە یەکدەنگی هاواری بەهاناوەچوون دەکەن.

ڕۆژی شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆمەڵێک لە حزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی کۆبانێ، لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشەوە "بانگەوازێکی مرۆیی بە پەلە"ـیان ئاڕاستەی جیهان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەی حەوت ڕۆژە شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری کەوتوونەتە ژێر گەمارۆیەکی توندی سوپای عەرەبیی سووریا.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ماوەی هەفتەیەکە ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت بە تەواوی لەسەر شارەکە بڕدراوە و بە زۆرەملێ لە جیهانی دەرەوە دابڕێندراوە. حزبە کوردییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم ڕەفتارانە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و نەریتە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانە."

لە بەشێکی ڕاگەیەنراوەکەدا، وێنەیەکی تراژیدی بۆ دۆخی شارەکە کێشراوە و هاتووە: "کۆبانێ ئەمڕۆ لە دۆخی گیانەڵادایە؛ منداڵان بێ شیرن، نەخۆشەکان دەرمانیان نییە، خێزانەکان بێ ئارد و خۆراکن و نەخۆشخانە و دامەزراوە هەستیارەکان بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە لەکار کەوتوون."

لایەنەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەزاران مەدەنی ڕووبەڕووی "مەرگی هێواش" بوونەتەوە، لە کاتێکدا جیهان بە بێدەنگی تەماشای دۆخەکە دەکات.

ڕاگەیەنراوەکە، ئەو ڕێکارانەی دژ بە کۆبانێ گیراونەتە بەر بە "سزای بەکۆمەڵ" دژ بە مەدەنییەکان وەسف کردووە، کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ بە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" هەژمار دەکرێت و پێویستی بە دەستێوەردانی دەستبەجێ هەیە.

 

داواکارییەکان

حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان، داوای بە پەلە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی، هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن کە:

 بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ لابردنی گەمارۆکە.

کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکاری.

 دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ڕزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بێدەنگیی نێودەوڵەتی بەشداریکردنە لەم تاوانەدا، کۆبانێ ناوچەیەکی لێقەوماوە و ڕزگارکردنی ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە نەک سیاسی."