لە ئیستانبوڵەوە بۆ کۆڵن و لەندەن، هاوارێک بۆ کۆبانێ
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتێکدا گەمارۆیەکی توند و بێبەزەیییانە خراوەتە سەر شاری کۆبانێ و مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی باڵی بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا کێشاوە، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دۆستانیان، نەخشەی جیهانیان بە ڕەنگەکانی کوردستان نەخشاندەوە. لە کەنارەکانی بۆسفۆرەوە لە ئیستەنبوڵ تا ڕووباری ڕاین لە کۆڵن و بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا، تەنیا یەک دەنگ دەبیسترا: "کۆبانێ تەنیا نییە".
ئیستەنبوڵ
لە ئیستانبوڵ، شارە گەورەکەی تورکیا، ترس و دڵەڕاوکێ نەیتوانی ڕێ لە شەپۆلی جەماوەر بگرێت. کوردانی دانیشتووی ئەو شارە بە جۆش و خرۆشێکی بێوێنەوە ڕژانە سەر شەقامەکان.
پیاوێکی بەساڵاچوو بە دەنگێکی لەرزیو بەڵام پڕ لە ئیرادە، لەنێو خۆپیشاندانەکەی ئیستەنبوڵەوە هاواری کرد: ئەمڕۆ دوژمن لە دژی کورد بووەتە یەک، تاکە هیوا و خۆشیی ئێمە تەنیا یەکێتیی کوردە. با دەوڵەتی فاشیست تێبگات، ئەگەر ئێمە یەک بین، سەردەکەوێن و دەست لە یەکتری بەرنادەین.
دایکی شەهیدان و ژنانی بەشداربووش، بە دڵی پڕەوە باسیان لە ئازارەکانی عەفرین و کۆبانێ دەکرد. یەکێک لە ژنەکان بە تووڕەییەوە گوتی: "ئەمڕۆ بۆ شەرمەزارکردنی جیهان هاتووین؛ ئاویان بڕیوە و منداڵان دەکوژن، بەڵام با باش بزانن تا دوا دڵۆپی خوێنمان لە کۆڵان و شەقامەکان دەبین و واز ناهێنین."
کۆڵن
لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، کە بووە خاڵی بەیەکگەیشتنی کوردانی ئەوروپا، دیمەنەکە جیاوازتر بوو. لێرە کوردانی هەر چوار پارچە بە یەک دەنگ داوایان لە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا کرد بێدەنگی بشکێنن.
کچێکی گەنجی خەڵکی عەفرین کە لە هۆڵەنداوە خۆی گەیاندبووە خۆپیشاندانەکەی کۆڵن، بە چاوی پڕ فرمێسک و دەنگێکی بەرزەوە و گوتی: "خوێنی کورد هەرزان نییە! بەسە ئیتر، تا کەی؟ منداڵانی ئێمە دەکوژرێن و ئێوە بێدەنگن. ئێمە بە پارە دەفرۆشرێین، خوێنی ئێمە بە سەد دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام ئێمە ناڵێین، ئێمە بەرگە دەگرین و ناهێڵین خوێنی کورد بە فیڕۆ بڕوات."
ئەو کچە گەنجە بەگریانەوە هاواری دەکرد: "بەسە.. تا کەی ژیانی ئێمە وێران دەبێت؟ منداڵ و گەنجەکانمان بە بەرچاوی جیهانەوە دەکوژرێن."
لەندەن
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، خۆپیشاندانەکە سیمایەکی سیاسی و جەماوەریی بەخۆیەوە بینی. ڕەوەندی کوردی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا گردبوونەوە و دوو شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی یەکیان گرت، بەو پەیامەی کە "ئەمریکا و بەریتانیا بەرپرسن لە پاراستنی ئاسمانی ڕۆژئاوا."
کۆپنهاگ
هاوکات لە باکووری سارد و بەستەڵەکی ئەوروپا، گەرمیی دڵی کوردان شەقامەکانی "کۆپنهاگن"ی دانیمارک و "مالمۆ"ی سویدی تەنییەوە. هەزاران کەس بە ئاڵای کوردستانەوە هێرشەکانی "سوپای سووریای عەرەبی" و گرووپە چەکدارەکانیان ئیدانە کرد.
ئەمڕۆ شەقامەکانی جیهان شاهیدی ئەوە بوون کە گەمارۆی سەر کۆبانی، نەیتوانی ئیرادەی کورد تێکبشکێنێت، بەڵکوو سنوورەکانی سڕییەوە و ڕۆحی نەتەوەیی لە ئیستانبوڵەوە تا ئەوروپا وەک یەک جەستە لێی دا.