بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کوردستان24: بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە منداڵێکی دیکە لە کۆبانێ گیانی لەدەستدا
لەگەڵ چڕبوونەوەی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و کەمبوونەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گیان لەدەستدانی منداڵێکی دیکەی ڕاگەیاند.
ئەڤین قامشلۆ، هاوسەرۆکی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کۆبانێ، بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینی پێویستەوە، منداڵێک گیانی لەدەستداوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە دۆخی تەندروستی و مرۆیی لە شارەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. پێشتریش "مانگی سووری کوردی" ئاشکرای کردبوو کە بەهۆی سەرما و سۆڵە و نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە، پێنج منداڵی دیکە لە کۆبانێ گیانیان لەدەست داوە.
بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانەوە خراوەتە سەر کۆبانێ، نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمیی توندی دەرمان، ئۆکسجین و پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە، ئەمەش ژیانی سەدان نەخۆش و برینداری خستووەتە مەترسییەوە.