دەزگای خێرخوازیی بارزانی ژەمە خواردنی گەرم دەگەیەنێتە هەزاران ئاوارە لە سەنتەری شاری قامشلۆ
تیمە مەیدانییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێکی مرۆییاندا لە شاری قامشلۆ، ژەمە خواردنی گەرمیان پێشکەش بە دوو هەزار و 300 کەس لە ئاوارە و لێقەوماوان کرد.
ئەم دەسپێشخەرییە لە 24ـی کانوونی دووەمی 2026 ئەنجامدرا، وەک وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ ئەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕووی دانیشتووانی ناوچەکە بووەتەوە و بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان.
بەهۆی شەپۆلی ئاوارەبوونی ئەم دواییەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە ناوەندە کاتییەکانی وەک قوتابخانە و مزگەوتەکان نیشتەجێ بوون، کە تێیدا هیچ ئامراز و توانایەکیان بۆ دروستکردنی خواردن نییە.
بۆ ئەم مەبەستە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چێشتخانەیەکی تایبەتی بۆ ئامادەکردنی خواردن دامەزراندووە، کە تێیدا ڕۆژانە دوو ژەمە خواردنی تەندروست بۆ ئەو کەسانە ئامادە دەکرێت کە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.
ئامادەکردن و دابەشکردنی خۆراکی گەرم، بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوڵە گشتگیر و بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی لێقەوماو لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەم چالاکییە مرۆییانە لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر نالەباردا تێدەپەڕن و ئەم جۆرە هاوکارییانە دەبنە هۆی سووککردنی بەشێک لەو بارگرانییە گەورەیەی کە کەوتووەتە سەر شانیان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکێک لە کاراترین ڕێکخراوە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا، خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە لە گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی تەنگژەکاندا، دابینکردنی خواردنی گەرم یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکانی هاوکاری لە کاتی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵدا، چونکە ئاوارەکان لە ناوەندە کاتییەکاندا دەستیان بە ئامرازەکانی چێشتلێنان ناگات، ئەم خزمەتگوزارییە لە تەنیشت هاوکارییە پزیشکی و لۆجستییەکانی تری دەزگاکە، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی کارەساتی مرۆیی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا.