سوپای سووریا: لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕێڕەوی مرۆیی دەکەینەوە
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، جەخت دەکاتەوە کە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ڕێرەوی مرۆیی بۆ هاووڵاتییان دەکرێتەوە.
شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، کۆمەڵێک زانیاری و هەڵوێستی نوێی سەبارەت بە دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاو کردەوە.
بە پێی زانیارییەکانی دەستەکە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، ڕێڕەوی مرۆیی دەکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و فریاگوزاری. ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ئەنجام دەدرێت.
سوپای سووریا لە جیاتی وەڵامدانەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە، ڕاشکاوانە دان بەوەدا دەنێت کە خەریکی پلاندانانە بۆ قۆناغێکی نوێی شەڕ.
بەکارهێنانی دەستەواژەی "هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی بۆ دیاریکردنی هەنگاوی داهاتوو"، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە دیمەشق بەنیاز نییە پەنا بۆ دیالۆگ ببات، بەڵکو خەریکی خۆسازدانە بۆ هێرشی سەربازی.
سەبارەت بەو بەڵگە و دیمەنانەی کە دۆخی کارەساتباری خەڵک و پێشێلکارییەکانی سوپا دەخەنە ڕوو، دیمەشق هەوڵ دەدات بە تۆمەتبارکردنی هەسەدە بە "بڵاوکردنەوەی درۆ و گرتەی دەستکاریکراو"، ڕاستییەکان پەردەپۆش بکات.
چاودێران ئەمە بە هەوڵێکی شکستخواردوو دەزانن بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانانەی کە ڕۆژانە دژ بە خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدرێن و تۆمەتبارکردنی قوربانی بەوەی کە "ئیستفزاز" دەکات.
لە بەشێکی دیکەی سیناریۆکەدا، سوپای سووریا باس لە "کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی" دەکات. شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە سوپا خۆی هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی قەیرانەکە بووە. بانگەشەی کردنەوەی ڕێڕەو لە لایەن ئەو هێزەی کە خۆی ئاو و دەرمانی بڕیوە، وەک "فرمێسکی تیمساح" وایە و ئامانج لێی دەرپەڕاندنی خەڵک و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە نەک هاوکاری، چونکە ئەگەر نیازپاکی هەبوایە، گەمارۆکەی هەڵدەگرت نەک ڕێگەی ئاوارەبوونی بۆ خەڵک بکردایەتەوە.