نێردراوی کوردستان24 بۆ ڕۆژئاڤا: فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکەن
کاتژمێر 8ی ئەمشەو وادەی ئاگربەستە چوار ڕۆژییەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەبێ هیچ ڕاگەیەندراوێک بۆ درێژکردنەوەی کۆتایی هات. هاوکات لەگەڵ جموجۆڵی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و ڕووسیا، خەڵکی حەسەکە بۆ بەرگری لە خۆیان دەستیان بۆ چەک بردووە و هێزەکان لە بازنەی "پانۆڕاما"-وە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە یەکەوە دوورن، ئەمەش مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕی لێکەوتووەتەوە.
شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ ڕۆژئاڤا گوتی: وادەی فەرمی ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق ئەمشەو کاتژمێر هەشت کۆتایی هات، کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بوو، تاوەکوو ئێستاش هیچ کام لە لایەنەکان هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لە بارەی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە نەبووە.
نێردراوی کوردستان24 ئاماژەشی دا، لە نزیک سنووری حەسەکە، لە فلکەی پانۆڕاما بە خاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا دادەنرێت، کە ئێستا هێزێکی زۆریان لەوێ بڵاو کردووەتەوە و تەنیا 30 کیلۆمەتەر لێک دوورن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە وردی چاودێری بارودۆخەکە دەکات، تەنانەت فڕۆکەکانی هاوپەیمانان زۆر بە نزمی بەسەر ئاسمانی حەسەکە دەسووڕانەوە.
گوتیشی: بەندیخانەی سناعە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە و فڕۆکەکان لە سەر ئەو بەندیخانەیە دەسووڕانەوە، چونکە بەندیخانەکە نزیکەی 5 هەزار داعشی تێدایە، بەتایبەت کە هەسەدە دەڵێت: سوپای عەرەبیی سووریا پێشتر لە بەندیخانەکانی دیکە، ژمارەیەکی زۆر زیندانی داعشی ئازاد کردووە.
دیلان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکەخانەی قامشلۆ کە بەدەست هێزی ئاسمانیی ڕووسیایە، ئەمڕۆ بە بەردەوامە فڕۆکە جەنگییەکانییان بەسەر ئاسمان دەسووڕانەوە و چاودێری دۆخەکەیان دەکرد.
دیلان بارزانی باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ لە حەسەکە دوکانەکان کرابوونەوە و تا ڕادەیەک ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێکردبووە، بەڵام بەشی زۆریان چەکیان هەڵگرتبوو، هاوکات هێزەکانی سەر بە هەسەدە بە نێو شارەکان تێپەڕدەبوون، کە بە گوتەی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی خۆیانە.