تێدرۆس ئەدهانۆم: هۆکارەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناڕاستن

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، وەڵامێکی توندی ئاراستەی واشنتن کرد سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوەکە و هەموو ئەو پاساوانەی بۆ ئەم مەبەستە هێنراونەتەوە بە ناڕاست وەسف کرد.

تێدرۆس ئەدهانۆم لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، ئەمریکا وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە، ڕۆڵێکی مێژوویی هەبووە لە دەستکەوتە تەندروستییە گەورەکانی مرۆڤایەتی، بەتایبەت لە بنبڕکردنی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک ئاوڵە. ئاماژەی بەوەش کرد؛ ڕێکخراوەکە هەمیشە بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ سەروەریی ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ئەندامدا کردووە.

تێدرۆس هۆشداریشی دا؛ ئەم بڕیارەی ئەمریکا نەک هەر جیهان، بەڵکو خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کەمتر سەلامەت دەکات لە ڕووی تەندروستییەوە.

ئەم کاردانەوەیەی (WHO) دوای ئەوە هات لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکخراوەکە کە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بڕیاری لێ درابوو بە فەرمی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و ڕۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا، ڕەخنەی توندیان لە ڕێکخراوەکە گرتبوو. ئەوان تۆمەتباریان کردبوو بەوەی هەوڵەکانی ئەمریکای لەکەدار کردووە و تەنانەت باسیان لە ڕووداوی دانەگرتنی ئاڵای ئەمریکا کردبوو وەک نیشانەیەک بۆ بێڕێزی، هەرچەندە دواتر ڕوون کرایەوە کە ئاڵاکە ڕادەستی ئەمریکا کراوەتەوە.

سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە دەڵێن؛ ڕێکخراوەکە زانیارییەکانی پەتای کۆرۆنای شاردووەتەوە، تێدرۆس بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2020، هەموو جیهان لە بوونی حاڵەتی نادیاری هەوکردنی سییەکان لە چین ئاگادار کراوەتەوە. هەروەها لە 30ـی کانوونی دووەمی 2020، ڕێکخراوەکە بەرزترین ئاستی باری نائاسایی (PHEIC) لە جیهاندا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ئەو کات کەمتر لە 100 حاڵەت لە دەرەوەی چین هەبوو و هیچ گیانلەدەستدانێکیش تۆمار نەکرابوو.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەختی کردەوە ئەوان هەمیشە بە نیەتێکی باش مامەڵەیان لەگەڵ واشنتن کردووە و هیوایان خواست لە داهاتوودا ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێکخراوەکە و بەشدارییە چالاکانەکانی بۆ پاراستنی تەندروستیی جیهانی دەست پێ بکاتەوە.