رووسیا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بووەتەوە
سێرگی ریباکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، کۆبوونەوەش لەسەر ئاستی لیژنە پسپۆڕەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ بەردەوامە.
ئەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، سێرگی ریباکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە رایگەیاند، لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات لیژنەی دانوستانی رووسیا و ئۆکرانیا بەسەرپەرشتی ئەمریکا لە بارەی ئاگربەست کۆبوونەوە، لەسەر ئاستی لیژنە پسپۆڕەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ کۆبونەوەکان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، ئەمەش بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ناودەبات.
لە بارەی دەرئەنجامی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ رووسیا و ئۆکرانیا، ستیف ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گووتی،" کۆبوونەوەکەی ئیمارات لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا ئەرێنی بوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانیان هەیە هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە بۆ بابەتی ئاگربەست کە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کۆببنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، گفتوگۆکان هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، دەستیان پێکردووە و بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنن، ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییە بۆ قەیرانەکە. شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لە میوانداریکردنی ئەم دانوستانە سێقۆڵییە کرد و هیوای خواست ببێتە هەوێنێک بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییە مرۆییەکان.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، حکوومەتی ئەڵمانیا گومانی خۆی نیشاندا لەوەی ڕووسیا ئامادەیی هەبێت سازش بکات. شتیفان مایەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تێبینی ئەوە دەکەین کە هێشتا پرسیاری جەوهەری ماونەتەوە لەسەر ئەوەی ئایا ڕووسیا ئامادەیە دەستبەرداری داواکارییە زۆر و زەبەندەکانی ببێت یاخود نا.
گوتەبێژەکەی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ ڕێککەوتنێک تەنیا ببێتە مۆڵەتێک بۆ ڕووسیا تا خۆی ڕێکبخاتەوە و دواتر هێرش بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت ئاشتییەکی بەردەوام و گرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر کرێملن مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیای لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە (دۆنباس) وەک مەرجێکی پێشوەختە دیاری کردبوو، کیێڤیش بەردەوام ڕەتی کردووەتەوە.
هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆڕبەندی داڤۆس ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرت و ڕایگەیاند، ئەورووپا یرادەی سیاسی نییە بەرانبەر پوتن و وەک ئەوە دەردەکەوێت کە ون بووبێت لە هەوڵی ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمەریکادا.