وردەکاریی کۆبوونەوەی داهاتووی دیمەشق و تەلئەڤیڤ ئاشکرا دەکرێت

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی میدیایی ئیسرائیل کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، سووریا و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی نزیک بوونەتەوە، راپۆرتەکە ئاماژە بە وەرچەرخانێکی خێرا دەکات لە پەیوەندییەکاندا، کە خۆی لە سیناریۆی بەکرێدانی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ و ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق دەبینێتەوە.

کەناڵی (i24NEWS)ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە بڵاوکردووەتەوە، گفتوگۆکان بە نێوەندگیری واشنتن بەڕێوەدەچێت، کە دەرگا بۆ ڕێککەوتنێکی ئەمنی و هەماهەنگی بەرفراوان لە نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ دەکاتەوە، هاوکات باس لە هەنگاوی دیپلۆماسی بێپێشینە دەکرێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە بەمزووانە بەرپرسانی باڵای سووریا و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا، لەسەر رێککەوتنە ئەمنییەکە کۆببنەوە.

تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی و ئابووریی هاوبەش لەو ناوچە دابڕێنراوانەی کە دەکەونە نێوان هەردوو وڵاتەوە.

سەرچاوەکە بۆ کەناڵەکە ئاشکرای کردووە، "گەشبینییەکی زۆر هەیە کە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە دیمەشق بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشوەچوونە بەرچاوەی کە لە پرسی پەیوەستبوونی سووریا بە رێککەوتنەکانی ئیبراهیمیەوە بەدی دەکرێت."

سەرچاوە سووریەکە روونی کردووەتەوە، پلانی سەرەتایی دیمەشق تەنیا بریتی بوو لە رێککەوتنێکی ئەمنی و کردنەوەی نووسینگەیەکی پەیوەندیی ئیسرائیلی 'بەبێ سیفەتی دیپلۆماسی' بەڵام بەهۆی گوشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کرانەوەی زیاتری سووریا، رووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی خێراتردا دەڕۆن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع، چارەسەرێکی مامناوەند بۆ پرسی جۆلان پێشنیاز دەکات کە بریتییە لە بەکرێدانی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ماوەی 25 ساڵ بە ئیسرائیل، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی ئوردن پێشتر لەسەر ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کردبووی، بە جۆرێک ناوچەکە بکرێتە "پارکی ئاشتی" بۆ پڕۆژەی ئابووریی هاوبەش.