روانگەی ئیکۆ عێراق: زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەکارناهێنرێن

روانگەی "ئیکۆ عێراق" لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق بەکارناهێنرێن و سوودیان لێ وەرناگیرێت، هۆکارەکەشی بۆ چەند کێشەیەکی سەرەکی، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و لاوازیی پاڵپشتیی حکوومەت گەڕاندەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی روانگەی ئیکۆ، کۆی گشتیی ئەو زەوییانەی لە عێراق بۆ کشتوکاڵ دەشێن دەگاتە 28 ملیۆن دۆنم، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا 13 ملیۆن دۆنمی بە کردەیی چێنراوە و دەخرێنە بازاڕەوە، واتە نزیکەی 15 ملیۆن دۆنم زەوی بە بەیار ماوەتەوە.

دابەشبوونی زەوییەکان

روانگەکە روونی کردۆتەوە کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق دوو جۆرن،
1-زەوی دێمی، کە پشت بە ئاوی باران دەبەستن (وەک پارێزگاکانی موسەننا و سەلاحەددین).
2- زەوی بەراو ئاوێری، کە پشت بە رووبار و تۆڕەکانی ئاودێری دەبەستن وەک پارێزگای واست.

هۆکارەکانی پاشەکشەی کشتوکاڵی

روانگەی ئیکۆ عێراق پێنج هۆکاری سەرەکی دیاری کردووە کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی،

1-کەمئاوی و وشکەساڵی.

2-کەمیی ڕێژەی بارانبارین.

3-گۆڕانی کەشوهەوا.

4-لاوازیی پاڵپشتیی حکومەت.

روانگە رەخنەی لە حکومەت گرتووە بەوەی خاوەنی پلانی درێژخایەن نییە، پاڵپشتی جووتیاران ناکات بە تۆو و پەین، هەروەها کێشەی لە بەبازاڕکردن و نرخدا هەیە، ئەمەش وایکردووە خەڵکی گوندەکان بەرەو شارەکان کۆچ بکەن.

چارەسەرە پێشنیارکراوەکان

روانگەکە داوای ستراتیژێکی نیشتمانیی بەپەلە دەکات کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە،

1-نوێکردنەوەی تۆڕەکانی ئاودێری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ.

2-چاندنی ئەو بەرهەمانەی کەمتر ئاویان دەوێت.

3-هاندانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان.